فڕۆكەخانەی كەركوك پێشوازی لە زیارەتكارانی توركیا دەكات
بۆ چلەی ئیمام حوسێن
زیارەتكارانی توركیا گەیشتنە فڕۆكەخانەی كەركوک
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ سێشەممە 5.8.2025 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک هاتنی یەکەم گەشتی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حوسێنی لە تورکیاوە راگەیاند، ئامادەیی خۆیان بۆ پێشوازیكردن لە زیارەتكارانی دیكەش راگەیاند.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک هەردی شوانی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک یەکەم گەشتی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنی پێشوازی كرد، كە لە تورکیاوە هاتوون، ئەمە یەکەم گەشتی لەم جۆرەیە لە فڕۆکەخانەكە بنیشێتەوە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی فڕۆکەخانەی كەركوك بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتكاران.
شوانی ئامادەیی فڕۆکەخانەکەی بۆ وەرگرتنی گەشتی زیاتری زیارەتكارانی لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە دەربڕی، “ئیدارەی فڕۆکەخانە هەموو ئاسانکارییەکی بۆ زیارەتكاران دابینکردووە، لەوانەش چاودێریی تەندروستی کە لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوکەوە دابینکراوە”.
چەند رۆژێكە هاتنی زیارەتكاران بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەستیپێكردووە، كە بۆ بەشداریكردن لە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن دێن و روودەكەنە شارەكانی نەجەف و كەربەلا.