"لەکاتی مەلەکردندا"
تەنیا لە سێ رۆژدا 10 کەس لە کوردستان خنکاون
964+
شۆڕش قادری
لەم هەفتەیەدا و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا 10 کەس لە هەرێمی کوردستان لەکاتی مەلەکردن لەناو ئاو و رووبارەکاندا خنکاون.
سەرەتای ئەم هەفتەیە و رۆژی شەممە لە گەلی خنس لە قەزای شێخان و رووباری دلان لە قەزای مێرگەسۆر دوو گەنجی تەمەن 20 ساڵ و 29 ساڵ خنکان.
رۆژی یەکشەممە 3.8.2025 دوو کەسی دیکە لە قەزای خەبات و سەیرانگای ژاڵەناوی دەربەندیخان لەکاتی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە خنکان.
ئەمڕۆش دووشەممە 4.8.2025 لە رووباری خازر لە قەزای بەردەڕەش چوار کەس و لە پۆندی گوندی پریسـی پارێزگای هەڵەبجەش دوو کەسی دیکە خنکان.
ئەو کەسانە زۆربەیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و ئەو شوێنانەش مەلەکردن تێیاندا قەدەغەیە و تەنانەت لە هەندێک شوێن تابلۆی ئاگادارکردنەوە دانراوە.