مەحبوبە دوعا بۆ یانەی شارەكەی دەكات

كرێچییە و هەموو یارییەكی نەورۆز لەگەڵ كوڕەكەی لە یاریگەیە

964+

دیلان محەمەد جەزا

مەحبوبە رەحمان ژنێكی سەلاری سلێمانییە و لەبەر خاتری كوڕەكەی، كە زۆر هاندەرێكی سەرسەختی یانەی نەورۆزە، هەموو یارییەك لە یاریگەی یانەكە ئامادەدەبن.

964 لە یاریگە باجی مەحبوبەی بینی نوێژی دەكرد، پرسیاری ئەوەمان لێكرد دوعا بۆ كێ دەكات، ئەویش وتی، دوعا بۆ یانەی نەورۆز دەكەم سەركەوێت.

ئەو خاتوونە دەڵێت، وەزعیان باش نییە و لە خانووی كرێدان، بەڵام لەبەر خاتری كوڕەكەی هەموو یارییەك دێتە یاریگە، تەنانەت پارەی پێنەبووە و قەرزی كردووە بۆ كرێی تەكسی و بلیتی یاریگە.

“خوێنەكەمان نەورۆزە و هەندێك لە یاریزانەكان دەناسم، بە تایبەتی ئەوەی رەشەكەیان كە گوارەی لەگوێیە”، ئەمە قسەی دادە مەحبوبەیە.

ئەو ژنە دوعای خێر بۆ نەورۆز دەكات و دەڵێت، دوعا دەكات ببێتە یەكەمی عالەم، هەرچەندە ئەو وەك خۆی دەڵێت، لە خانوویەكی گڵی كرێدایە و هیچی ئەوتۆی نییە لە ماڵەكەی و هیچ موچەیەكیشی نییە.

محەمەد كوڕی دادە مەحبوبەیە و یاریزانیشە، هاندەرانێكی سەرگەرمی نەورۆزە  و هەفتانە چەند رۆژێكیش مەشق دەكات و وەك دایكی باسی دەكات، قوتابییەكی زیرەكە و دەرچووە بۆ پۆلی نۆ و پشتگیریشی دەكات.

دایكان هەر لە خەمی منداڵەكانیاندان، مەحبووبە خان دەڵێ، “كارم كردووە و پارەكەم داوە بە كوڕەكەم بۆ ئەوەی كرێی یاریگە بدات و یاریی بكات، بۆ ئەوەی دڵخۆش بێت و خەفەت نەخوا”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی نەورۆز چاوی لە بەشداریكردنە لە خولەكانی ئاسیا

یانەی نەورۆز چاوی لە بەشداریكردنە لە خولەكانی ئاسیا