30 ساڵ خزمەتی ئەو دەڤەرە دەكات
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە تەواوبووندایە و زیاتر لە 100 بیر دادەخرێن
964+
محەمەد فاتیح
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، قسە و باسی زۆر لەسەرە و وەک دەوترێت، بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو خزمەت بەو دەڤەرە دەكات.
پڕۆژەكە لە 60% ئیش و كارەكانی تەواو بووە و لە كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەكرێت و دەكەوێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 4.8.2025 لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، سەردانی پڕۆژەی قوشتەپەیان كرد، بە 964ـی وت، بیرەكانی قوشتەپە یەكێك بوو لە قوڵترین بیرەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، كه قوڵاییەكەی گەیشتووەتە نزیكەی 700 مەتر، بەڵام بەهۆی گرنگیی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەوە، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و ئاوی قەزای قوشتەپە و ناحیەی بێستانە و 72 گوندی دەڤەرەكە دابین دەكات، زیاتر لە 110 بیر لەم دەڤەرە دادەخرێن.
“گوژمەی پڕۆژەكە 222 ملیار ديناره و ئیش و كارەكان بە ئاستێكی زۆر باش و بە كوالێتییەكی زۆر بەرز جێبەجێ دەكرێن”.
پرۆژەکە، یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانى شارى هەولێر و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووک دابین دەكرێت و لە سێ وێستگەی سەرەكی پێكدێت و رۆژانە 3 هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو لە رووبارەكە وەردەگرێت، توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە بە گوێرەی ستانداردە عێراقی و جیهانییەكان، بە تەواوبوونیشی كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 70 گوندی سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەبێت، بەرپرسانی هەولێر دەڵێن، دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری شارى هەولێر.