لە سێ شوێن سکاڵاکان وەردەگیرێن

لە ئەمڕۆوە سکاڵاکان لە دژی حەجاج وەردەگیرێن

964+

ژووری هەواڵ

لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەتوانن سکاڵا لە دژی حەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان تۆماربکەن، توێژەرێکی بواری ئەنفالیش دەڵێت، سگرنگە ئەوانەی لە تیمی دادگایی حەجاجدان راوێژ بە شارەزایانی بواری ئەنفال بکەن، بەتایبەت ئەوانەیان ئاگاداری چیرۆکی ئازاردانەکانی ئەو تۆمەتبارەن.

سێ شوێن بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکان دەستنیشانکراون؛ لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سورەکەی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی گەرمیان لە کەلار و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ.

ئەم شوێنانە لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی پاش نیوەڕۆ سکاڵاکان وەردەگرن.

لە راگەیەندراوێکدا، نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوا دەکات، ئەو کەسانەی کە شاهیدی تاوانەکانی حەجاجن و بەڵگەیان لەبەردەستدایە، بیگەیەننە تیمی تایبەتمەند بۆ ئەوەی بەڵگەکان لەسەر ئەو تۆمەتبارە کۆبکرێتەوە.

“لە ئێستادا و لەم قۆناغەدا پێویستە سکاڵا و وتەی هەموو ئەو کەسانەی کە شاهیدی تاوانەکانی ئەم تاوانبارەن تۆمار بکرێت”، بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق.

مامۆستا فاتیح سەنگاوی، توێژەر لە بواری ئەنفال بە 964ـی وت، “گرنگە ئەوانەی لە تیمی دادگایی حەجاجدان راوێژ بە شارەزایانی بوواری ئەنفال بکەن، بەتایبەت ئەوانەیان ئاگاداری چیرۆکی ئازاردانەکانی حەجاجن لە نوگرە سەلمان.”

ئەو توێژەرە پێشنیازیش دەکات دۆکیومێنتارییەک لەبارەی تاوانەکانی حەجاج بەرهەمبهێنرێت و سود لە وتەی شایەتحاڵەکان وەربگیرێت.

“پێویستە حەجاج ناوی ئەو کەسانەش بدات کە فەرمانیان پێکردووە بەو شێوەیە رەفتار بکات و دۆزینەوەی ئەو کەسانە لە رێگەی عەجاجەوە گرنگە”.

"له‌باره‌ى دادگاییکردنی (حه‌جاج)ـه‌وه‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان هه‌موو كارئاسانییه‌ك ده‌كات"