لەو چەند رۆژە دەخرێتەكار

بۆ یەكەمجار سیستمی ڤار بۆ خولی تیپە میللییەكانی هەڵەبجە دادەنێت

 964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

بۆ یەكەمجار سیستمی ڤیدیۆی یاریدەدەری ناوبژیوان، كە بە “ڤار” ناسراوە، بۆ خولی تیپە میللییەكانی هەڵەبجە دادەنرێت، ناوبژیوانێكی شارەكە خاوەنی بیرۆكەكەیە و دەڵێت، لە ماوەیەكی نزیكدا دەكەوێتەكار.

نزیکەی 20 رۆژە لە یاریگەی شاهۆ حەمە فەرەج لە هەڵەبجە كار بۆ دانانی سیستمی ڤار بۆ خولی تیپە میللییەکان بۆ تۆپی پێ دەكرێت، كە ئەمە یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا سیستمەكە بەم شێوازە و بە كوالێتییەكی بەرز بۆ ئاستی تیپە میللییەکان بەکاربێت.

هەڵمەت حەیدەر، ناوبژیوانی پلەی یەكی عێراق و كوردستان، خاوەنی بیرۆکەکەیە و بە 964ی وت: “بەشێکی زۆری کارەکانی سیستمەکە تەواو بووە، لە هەفتەی داهاتووەوە بە شێوەی تاقیکاری لە یارییەکاندا بەکاری دەهێنین، سیستمەکە بە سپۆنسەری دارایی بازنەی وەرزشی هەڵەبجە دادەنرێت و ئێستاش هەشت کامێرا جێگیر کراون، تەنیا راگرێک بۆ شاشەکە ماوە کە ئەویش داوامانکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگات، ئەوكات سیستمەکە بە تەواوی دەخەینەکار”.

دەربارەی کوالێتی سیستمەکە، هەڵمەت حەیدەر وتی: “هەرچەندە کامێراکان هی چاودێریین، بەڵام کوالێتی وێنەیان زۆر بەرزە و گونجاون بۆ سیستمەکە، هەمان ئەو کوالێتییەکان دەبێت، کە لە یاریگە نێودەوڵەتییەکانی کوردستان و عێراقدا هەن، پێویستیشە سێ رۆژ راهێنان بە ناوبژیوانانی هەڵەبجە بکەم بۆ ئاشنا بوونی تەواویان بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمەکەدا”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سیستمی ڤار گه‌یشته‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری

سیستمی ڤار گه‌یشته‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری