"زیاتر لە 500 دۆنم زەوی سووتاوە"
دوو رۆژە ئاگر لە ناحیەی زاوێتە کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
دوو رۆژە دەورووبەری شەش گوندی دەڤەری مزوریان لە سنووری ناحیەی زاوێتە ئاگری گرتووە و تائێستا نەکوژاوەتەوە، بە قسەی وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆکیش زیاتر لە 500 دۆنم زەوی سووتاوە.
لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە 30.7.2025 ئاگر لە پوش و پەڵاشی گوندەکانی بێنارینکێ و دێرئالۆش و چەڤریکێ و پێدە لە ناحیەی زاوێتە کەوتووەتەوە و لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاگرکۆژێنەوە و هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە و پۆلیسی دارستان سەرقاڵی کونتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکەن.
رەمەزان سیاری بەرپرسی مەفرەزەکانی هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە بە964 ـی وت، “تا ئێستا ئاگرەکە بەردەوامە و گەیشتووەتە شاخی گوندەکانی میسکی و سەر میسکی و بیدول، بەهۆیەوە سەدان دۆنم پۆش و پەڵاش و داری سروشتی سووتاون.
وتیشی، لەئێستادا 90٪ـی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بەهۆی رەشەباوە کۆژاندنەوەی زەحمەت بووە.
هاوکات بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـی وت، زیاتر لە 500 دۆنم پوش و پەڵاش سووتاوە، ئەوە جگەی لەوەی ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە داربەڕووەکانی ناوچەکە گەیاندووە.
دەڤەری مزوریان دەکەوێتە نێوان سنووری ناحیەی زاوێتە و ناحیەی ئەترۆش لە پاڕێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری