دیمەنێک لە شاری کەرکوک _ وێنە: 964
دوو رۆژ مۆڵەت درا
سزای خۆڵ و خاشاک لە کەرکوک تا یەک ملیۆن دینارە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی کەرکوک مۆڵەتی دوو رۆژ دەداتە بەو سەرپێچیکارانەی تائێستاش هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە شارەکە و سزاش دانراوە، کە تا بڕی یەک ملیۆن دینار دەڕوات.
بە ئامادەیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، کۆبوونەوەی لیژنەی رێکخستنی شارەکان و نوێنەرانی شارەوانی کەرکوک و کۆمپانیاکانی پاککردنەوە بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئاگادارکردنەوەی خاوەن مۆڵ، دوکان و بازاڕەکان کراوەتەوە بە پێدانی مۆڵەت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، ئەوەش بۆ هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک و فڕێنەدانیان لە سەر شەقام و شۆستەکان.
ئیدارەی شارەکە بڕیاری وایە، بە پێچەوانەوە و لە ئەگەری پابەندنەبوون، سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنرێت، کە دەگاتە یەک ملیۆن دینار.
ماوەیەکی و زۆر و لەوەتی پارێزگارە کوردەکە لە کەرکوک دەستبەکاربووە، خەمی ژینگەی شارەکە بووە بە رۆژەڤ و هەوڵدەدرێ لەناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکەی، کەرکوک لە خۆڵ و خاشاکی زۆر و زەبەندە رزگار بکرێ.
پێشتر، رۆژانە لە کۆی هەزار و 100 تۆن زبڵ، شارەوانی تەنیا فریای هەڵگرتنەوەی 850 بۆ 900 تۆنی دەکەوت، واتا نزیکەی 200 تۆن خاشاک دەمایەوە بۆ رۆژی دواتر و بەوەش ژینگەی شارەکە بهرهو شێواوى زیاتر دەچوو.
بەڵام ئێستا، رۆژانە زیاتر لەو بڕە کۆدەکرێتەوە و ژمارەی ژینگەپارێزان زیاد کراوە، تەنانەت شارەوانی شارەکە زۆرینەی بڵاوکراوە و چالاکییەکانی پەیوەست کردووە و بە ژینگەی شارەکەو و دەڵێ، شەقامە پاکەکان بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو تیمە خزمەتگوزارییانەیە کە لە هەموو کاتێک و لەژێر هەموو بارودۆخێکدا، درێغی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان ناکەن.