دیناری عێراقی لە جۆرەکانی 25 هەزاری و پێنج هەزاری. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
داهاتی پێنج مانگ
دارایی عێراق: پێنج ترلیۆن و 166 ملیار دینارمان بۆ هەرێم ناردووە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی پێنج ترلیۆن و 166 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30.7.2025، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی داهات و خەرجیەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەرێمى کوردستان بڕى 319 ملیارو 346 ملیۆن دینارى داهاتى نانەوتی رادەستى بەغدا کردووە و ئەوانیش پێنج ترلیۆن و 166 ملیار دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
تاوەکو کۆتایی مانگى ئایار، کۆى داهاتەکانى عێراق گەیشتووەتە 46 تریلیۆن و 157 ملیار دینار و بڕى 25 تریلیۆن و 624 ملیار دینارى بۆ موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان خەرجکراوە.
حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا بڵاوى کردەوە، لیستی موچەی مانگی حوزەیران رەوانەی بەغدا کراوە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی حکومەتی فیدراڵیی دەزانێت کە موچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی مووچەخۆران خەرج بکات.
حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە پابەندییەکانی خۆی لە دۆسیەی نەوت و داهاتدا جێبەجێ دەکات و لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵیش دەبێت پابەند بێت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.