دیمەنی زانکۆی گەرمیان وێنە: سۆشیاڵ میدیا
كێ دروستی دەكات؟
تاقیگەیەکی مۆدێرن بۆ پشکنینی شوێنەوار لە زانکۆی گەرمیان دروست دەکرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
زانکۆی گەرمیان دوابەدوای پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵ بۆ پرۆژەی (ERASMUS-EDU-2025-STRAND1) کە پرۆژەیەکی پاڵپشتیکراوی دارایی و لۆجیستی یەکێتی ئەوروپایە بۆ پشتگیری زانکۆکانی دەرەوەی یەکێتیيەکە، توانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و بەشداربێت لە پرۆژەکە.
پرۆژەکە لە بواری کولتووری و شوێنەوارناسیدایە، بە ھاوبەشی لەگەڵ دوو زانکۆی دیکەی کوردستان کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدەن.
مەبەست عەلی، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆری شوێنەوارناسی بە 964ى وت، “یەکەمجارە زانکۆی گەرمیان گرانتێکی یەکێتيی ئەوروپا بەدەست دەھێنێت تایبەت بێت لە بواری کولتووری و شوێنەوارناسی”.
“گرێبەستەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، راھێنان بە مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆی گەرمیان دەکرێت لە بواری کولتووری و شوێنەوارناسيیەوە، ھەروەھا چەندین چالايکیش ئەنجامدەدرێت لە ماوەی ئەو سێ ساڵە”، مەبەست عەلی وای وت.
بە ھاوبەشی سێ زانکۆی ئەوروپی، راھێنان و چالاکيیەکان ئەنجام دەدرێت، ئەو زانکۆیانەش بریتین لە،”Brandenburg University of Technologyزانکۆی برادێنبێرگی تەکنۆلۆجی- وڵاتی ئەڵمانیا ، University of Bologna زانکۆی بۆڵۆنیا-ئیتالیا،
UNIMED- Mediterranean Universities Union یەکێتی زانکۆکانی میدیتێرانە”
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکەی یەکێتی ئەوروپا، تاقیگەیەکی مۆدێرن بە تەواوی پێویستییەکان و سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو لە زانکۆی گەرمیان دادەمەزرێنرێت، کە هاوکار و یارمەتیدەری توێژەرانی زانکۆیە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێی سەردەمیانە.
مەبەست سەعید وتیشی، “تاقیگەكە بەو شێوازە پێشکەووتوە لە ھیچ زانکۆیەکی کوردستاندا نییە، ھەروەھا لە گەرمیان ناوچەی شوێنەواریی زۆر ھەیە و بەردەوامیش شوێنەواری تازە دەدۆزرێنەوە، بۆیە لە رێگەی ئەو تاقیگەیەوە دەتوانین ھەر لە گەرمیان پشکنین بۆ پارچە شوێنەوارییەکان بکەین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا