سەگرمە
گیاندارێکی دەگمەن و “زۆر توکن” لە کامێراکاندا دەرکەوت
964+
ژێوار خدر
بۆ یەکەمجار، گیاندارێکی دەگمەنی کێوی لە شاخی سەگرمەی سەر بە قەزای قەرەداغ دەرکەوت، کە لە کامێرایەکی چاودێری دەرکەوتووە، کاتێک لە یەکێک لە کانیاوە دەستکردەکانی ناوچەکە ئاو دەخواتەوە.
جەلال کەریم، کە ژینگەدۆستێکی نواچەکەیە، لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، گیاندارەکە بچووکە، کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام دەبێت و زۆر توکنە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم پیاوە ژینگە دۆستە، ئەم جۆرە ئاژەڵە لە هەندێک لە چیاکانی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی وریایی زۆریەوە، بینینی کارێکی دەگمەنە.
جەلال کەریم عیسا، کە بە “مامۆستا جەلال” ناسراوە، زیاتر لە دوو دەیەیە ژینگەی ناوچەکە دەپارێزێت، ئەو لە ساڵی 1997ـەوە راوکردنی قەدەغە کردووە و لە 2012ـەوە دەستی بە دروستکردنی کانی و حەوزی ئاو و دانانی کامێرای چاودێری کردووە بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان لە تینوێتی و لە دەستی راوچیان.
ناوچەی قەرەداغ، کە زنجیرە چیای سەگرمە و قۆپیی تێدایە، بەهۆی ئەم هەوڵانەوە بووەتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی کوردستان بە ئاژەڵی کێوی.