نەخۆشی تەبەق

نەخۆشییەکی کوشندە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیاوە رادەگرێت

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق دەگرێتەبەر و داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە بە شێوەیەکی کاتی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیاوە رابگرێت.

ئەم رێکارەی وەزارەتەکە دوای تەشەنەکردنی نەخۆشیی تەبەق دێت لە تورکیا کە بەهۆیەوە بەشێک لە بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە وڵاتەکە داخراون.

“پێویستە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکرێتەوە بە رێگریکردن لە هاوردەکردنی ئاژەڵ و بەرهەمەکانیان لە تورکیاوە بۆ عێراق لە هەموو دەروازە سنوورییەکان، هاوکات پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازەکانی تورکیاوە دێنە ناو عێراق بە دژە ڤایرۆس پاک بکرێنەوە”، سامر خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وا دەڵێت.

بڕیاریشدراوە ئاستی چاودێری ئەو ئاژەڵانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێن بۆ نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە زیاد بکرێن و ڤێتێرنەرییەکانیش هەر حاڵەتێکیان تۆمار کرد ئاشکرای بکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری دەڵێت، وەک رێکارێک بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆکردنی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکان، “تەنیا رێگە بەوانە دەدرێت کە بڕوانامەی ڤێتێرنەرییان هەیە.”

نەخۆشیی تەبەق چییە؟

تەبەق نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی توندوتیژە و یەكێكە لە دوژمنە سەرسەختەكانی سامانی ئاژەڵ لە جیهاندا و لە وەرزە ساردەكاندا زۆر بەخێرایی بە ناوچەكاندا تەشەنە دەكات، بەگوێرەی سەرچاوەكانی پزیشكی ڤێتێرنەری، رێژەی بڵاوبوونەوە و لەناوچوون بەهۆی نەخۆشییەکە زۆر بەرزە.

نیشانەکانی لە ئاژەڵێکی پێگەشتوودا ئەمانەن:

1 – نەمانی ئارەزووی خواردن، بێتاقەتی، شەلین و کەمبوونی شیر لە ئاژەڵی شیردەر

2 – تایەکی زۆر

3 – قڵیشان و برین لە نێوان سمەکانی

4 – بوونی بڵق و برین لە بۆشایی دەم و گوان

لە ئاژەڵی بچووک وەک بەرخ و گوێرەکە هیچ نیشانەیەکی لێ دیار نییە و رێژەی لەناوچوون تێیاندا زۆر بەرزە.

15 سەر ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی رزگاری مرداربون...

15 سەر ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی رزگاری مرداربونەتەوە