لیژنەی ئەمنیی هاوبەش لە هێرشە درۆنییەكان لە هەولێر كۆبوونەوە

“ورد و درشتی لێكۆڵینەوەكان رادەستی سودانی دەكرێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لیژنەی ئەمنیی هاوبەش کە ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشە درۆنییەكانە بۆ سەر هەرێمی کوردستانی پێسپێردراوە، ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاری دا راسپاردەکانی پێشکەشی سەرۆکی حکومەتی عێراق بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم ئەعرەجی، لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایان كرد، لیژنەی ئەمنیی هاوبەش کە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام دەدات، ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی ئاستبەرزیان ئەنجامدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە هەولێر و لایەنە ئەمنییەكانی كوردستان.

ئاماژەیان بەوەش کرد، “لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەی گشتگیر بە ئەرکی لیژنەکە ئەنجامدرا، لەگەڵ روونکردنەوەی ورد لەسەر سروشتی هێرشەکان و ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی هەرێمدان دەربارەیان.

“کۆبوونەوەکە چەند راسپاردەیەكی لیژنەی راسپێردراوی لێکەوتەوە، کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی دەکرێت”.

هاوكات لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، قاسم ئەعرەجی دووپاتی فەرمانەكانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی كردەوە، کە پێیان وایە ئاسایشی هەرێم بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق.

باسی ئەوەش كراوە، “دەزگا پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە هێرشەکان، ئەمە جگە لە بەردەوامی هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لەمبارەیەوە”.

ئەم كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ دووشەممە 28.7.2025 دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند درۆنێكی بۆمبڕێژکراو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی رزگاری کەوتووەتە خوارەوە، هەروەها درۆنێكی دیكە لە گوندی هیاوەى سەر بە قەزای حەویجە کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێكی نەبوو.

لە رۆژانی رابردوودا و بە دیاریكراوی پێش رێككەوتنی بەغدا و هەرێم لەسەر پرسی موچە و هەناردەی نەوتی كوردستان، زنجیرەیەك هێرشی درۆنی كرانە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان  و لە زۆربەی سنوورەكان كێڵگەكان بە ئامانج گیران و زیانیشیان بە ژێرخانی نەوتیی كوردستان گەیاند.

دواى 11 رۆژ؛ درۆنەکان بێدەنگیان شکان

دواى 11 رۆژ؛ درۆنەکان بێدەنگیان شکان