بەڵێنیان پێدان و جێبەجێیان نەکرد

بەهۆی كەمیی كارەباوە هاوڵاتییان رێگایەكی سەرەكیان له تەقتەق داخست

+964

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دوای ئەوەی بەڵێنیان پێدابوون، كە رەوشی كارەبایان بۆ چاك بكەنەوە و ژمارەی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لەسەر رێگاكەیان كەم بكەنەوە و بەڵێنەكەیان نەبردە سەر، هاوڵاتیانی گوندی سەرکەڵەک لە رۆژهەڵاتی قەزای تەقتەق، رێگای قەزاکەیان بۆ ناحیەیی ئاشتی داخست.

هاوکار لوقمان، هاوڵاتیيەکی گوندی سەرکەڵەکە بە 964ـی وت، “بە دوو هۆکار رێگامان داخستووە، ئەویش کەمیی کارەبا و هاتوچۆی بارهەڵگرەکانە، کە پێشتر بەڵێنیان پێداین، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دابەش بکرێن بەسەر شارەکان، بەڵام ئێستا، قەرەباڵغییەکە هاتووەتەوە سەر رێگای تەقتەق، بەهەمان شێوە دووبارە کارەباکەشمان کەمکراوەتەوە”.

“رێگای ئۆتۆمبێلی بچوک هەیە بەڵام رێگای بارهەڵگرەکانمان داخستووە و جارێ بەنیازنین رێگاکە بکەینەوە”.

964 بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كێشەكە، پەیوەندی كرد بە ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەقتەق بە وەکالەت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

لە ماوەى رابردوودا، گوندەکانی رۆژهەڵاتی تەقتەق نزیکەی هەفتەیەک رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان داخست و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبایان کردە مەرجی کردنەوەی رێگاکە و دووای هەفتەیەك کارەباکەیان چاککرايەوە و ئەوانیش رێگاکەیان کردەوە.

پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح

دانیشتوانی گوندی قامیشە هەڕەشەی گرتنی رێگای دوکان - خە...

دانیشتوانی گوندی قامیشە هەڕەشەی گرتنی رێگای دوکان - خەلەکان دەکەن