"هەموو پاس و تاکسیەک جی پی ئێسی تیادەبێت"
لەمەودوا دایکان و باوکان بێخەم منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە
964+
دیلان محەمەد -سلێمانی
بۆ خوێندنی ساڵی نوێ ئیتر دایکان و باوکان لە سلێمانی بێخەم منداڵەکانیان بە پاس و تاکسی دەنێرنە قوتابخانەکان و لەهەر شوێنێک بن دەیزانن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکەش دەتوانن ببینن.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا پاسێکی خوێندکاران لەکاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێک وەرگەڕان و چەند قوتابی و مامۆستایەک برینداربوون، پەروەردەی سلێمانی ئەم بڕیارەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە چیتر پاس و تاکسی گواستنەوەی قوتابیان بەبێ کامێرای چاودێری نەبێت و جی پی ئێسی تێدا بێت، لەمبارەیەوە نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964 وت، بڕیاریانداوە لە ساڵی نوێی خوێندندا کامێرا و جێ پی ئێس لە پاس و تاکسی گواستنەوەی قوتابیاندا دابنرێت، تا دڵنیا بن لە سەلامەتی گیانی قوتابیان.
بەپێی ئەم بڕیارە دایکان و باوکان دەتوانن لە ماڵەوە بزانن منداڵەکانیان لەکوێن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکەش چەندە.
هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی 964ەوە باسی لەوەکرد، بۆ ئەمساڵ قوتابخانەیەکی نوێ بۆ ئەو قوتابیانە دەکرێتەوە، کە دەیانەوێت بە ئینگلیزی بخوێنن یاخود لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە و دەتوانن فۆڕم وەربگرن.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح