کرێنشینان روونکردنەوەیان دەوێ

27 هەزار کەس لە سلێمانی داوای یەکەی نیشتەجێ بوونیان کردووە

964+

دیلان محەمەد -سلێمانی

کۆمەڵەی کرێنشینان لە سلێمانی، گلەییان لە بڕیاری دواخستنی دابەشکردنی یەکەکانی کرێنشینان هەیە و هیچ هۆکارێک نابینن بۆ دواخستنیان، دەشڵێن، تەنیا لە سنووری سلێمانی 27 هەزار کەس داوایان پێشکەش کردووە.

لە کاتێکدا تەنیا، نزیکەی چوار هەزار یەکەی نیشتەجێ بووەن لەو سنوورەدا بۆ کرێنشینان دروست کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.7.2025، بەرهەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان بە 964 وت، بەبێ هیچ هۆکارێک ئەنجومەنی وەزیران دابەشکردنی یەکەکانی کرێنشینانیان دواخستووە، ئەوەش سەلماندیان نایانەوێت هیچ بۆ هاوڵاتیانی کەم دەرامەت بکرێت.

ئەوان داوای روونکردنەوە دەکەن، گەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ ناوى نۆ هەزار خێزانى کەمدەرامەت و کرێنشین بۆ وەرگرتنى یەکەى نیشتەجێبوون رابگەیەندرێت، بەڵام راگەیەندراوێکى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە چاوەڕوانى کەمدەرامەتانى درێژکردەوە و دەڵێت، راناگەیەندرێت.

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە پێشتر رایگەیاند، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەنگاونانی باشتر و لەپێناو تەواوکردنی زۆرترین یەکەی نیشتەجێبون بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لە تەواوبون، ئاشکراکردنی ناوی خێزانە سودمەندبوەکان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبون کە بڕیاربو سبەینێ 24.7.2055 رابگەیەنرێت، بۆ ماوەیەکی کورتخایەن دوادەخرێت.

وەزارەتەکە، هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە لە هەوڵدان زۆرترین یەکەی نیشتەجێبون ئەوانەی کارکردن تیایاندا بەردەوامە، کارەکانیان تەواوبکرێت و زۆرترین خێزان سودمەندبن، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆسەی دابەشکردنی یەکەکان کە لەچوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دروستکراون، لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامدەدرێت.

یەکەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بەم شێوەیە بەسەر شارو ناوچەکانى کوردستان دابەشکراون :

هەولێر، یەک هەزار و 356 یەکەى نیشتەجێبوون
سلێمانی: 3 هەزار و 876 یەکەى نیشتەجێبوون
دهۆک: 2 هەزار و 116 یەکە
هەڵەبجە: 192 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆرى راپەڕین: 420 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: 360 یەکە

ئیدارەى سەربەخۆى  سۆران: 360 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ: 324 یەکە

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ناوى خێزانە سودمەندبووەکانى وەرگرتنى یەکە نیشتەجێبوو...

ناوى خێزانە سودمەندبووەکانى وەرگرتنى یەکە نیشتەجێبووەکان بڵاوناکرێتەوە

ئاوەدانکردنەوە: پێنجشەممە یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر ...

ئاوەدانکردنەوە: پێنجشەممە یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشیناندا دابەشدەکرێ