هه‌ڕه‌شه‌ى راگرتنى نه‌وتى ته‌ق ته‌ق ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌مارۆ مه‌ده‌نیه‌كه‌ى سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كانى ته‌قته‌ق، له‌لایه‌ن دانیشتوانى 10 گوندى ئه‌و سنووره‌ به‌رده‌وامه‌ و نوێنه‌ری ناڕەزایەتیەکەش ده‌ڵێ “ئه‌گه‌ر به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ نه‌یه‌ن ناچارین رێگرى له‌ناردنى نه‌وتى بیرەکانیش بکەین”.

ماوه‌ى چوار رۆژه‌ دانیشتوانى ئەو گوندانەی ناحیه‌ى ته‌قته‌ق، رێگاى بیره‌نه‌وته‌كانیان داخستووه‌، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، نەبوونی خزمەتگوزاری، دانەمەزراندن، سوودمه‌ندبوونى چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراوه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌،هۆکاری ناڕەزایەتیەکانن.

غه‌فوور عه‌بدوڵا، نوێنەری خۆپیشاندەران بەتۆڕی964ـی وت “هه‌نگاوى یه‌كه‌ممان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ماوه‌ى چوار رۆژه‌ رێگه‌مان لێگرتوون و هیچ خواردنێكیان بۆ ناچێت، هه‌نگاوى دووه‌میش ئه‌مڕۆ هه‌رچی كرێكارى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ كه‌ خواردنیان بۆ دروست ده‌كرد‌ن هه‌موویان كۆمپانیاكانیان به‌جێهێشت”.

له‌باره‌ى هه‌نگاوى سێیه‌م و كۆتاییشیان، ئه‌گه‌ر به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه‌ نه‌چن، وتى”ناچارین له‌ سبه‌ینێوه‌ به‌ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ره‌كان رابگه‌یه‌نین كه‌ بیره‌ نه‌وته‌كان بكوژێننه‌وه ‌و بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى چیتریش نه‌وت له‌و سنووره‌ نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌”.

دوێنێ 18.2.2023 ، ئاسۆ مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بە تۆڕی 964ـی وتبوو، “داواکاریی خۆپیشاندەرانیان پێگەشتووە و کاریان لەسەر کردووە بەرزکراوەتەوە بۆ کۆمپانیا، تەنانەت وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ئاگادارە”.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ “رێگا لەبەرهەمهێنانی نەوت نەگیراوە، تەنها رێگەیان لەهاتووچۆی کارمەندان گرتووە”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، سنوورى ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق 28 بیره‌ نه‌وتى لێیه، خۆپیشانده‌رانیش رێگاكانى شیواشۆك و مه‌رزان و داربه‌سه‌ریان گرتووه‌ كه‌‌ راسته‌وخۆ ده‌چنه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌.