شاره‌وانى و ڤێتێرنه‌ریش ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن

توانج و پلارى هاوڵاتیان كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گى بێلانه‌ى له‌ ده‌ربه‌ندیخان وه‌ستاندووه‌


میلاد جەلال – گەرمیان

قایمقامیەتی دەربەندیخان لەسەرەتای ئەم مانگەوە ھەڵمەتێکیان بۆ گرتن و كۆكردنه‌وه‌ی سەگى بێلانە له‌ قه‌زاكه‌یان راگەیاند، تەنیا 42 سەگ گیراون و كۆكردنه‌وه‌یان وه‌ستاندووه‌، قایمقامیش دەڵێت، لەبەر توانج و پلاری ھاوڵاتیان کەس سەگەکان ناگرێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، لە سەرەتای راگەیاندنی ھەڵمەتەکە بۆ گرتنی سەگی بێلانە، چەند کەسێک به‌ دەم بانگەوازەکەیان هاتن بۆ گرتن و كۆكردنه‌وه‌ی سەگەکان، كه‌ لەبەرامبەر گرتنی ھەر سەگێک بڕی چوار ھەزار دیناریان پێدەدرا.
وتیشی “چەند رۆژێک بەردەوام بوون و 42 سەگیان كۆكرده‌وه‌، بەڵام لەبەر توانج و گاڵته‌پێکردنی ھاوڵاتیان بۆ ئەو کەسانەی کە سەگەکانیان دەگرت، ناچاربوون وازیان لە کارەکەیان ھێنا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پرۆسەکە وەستاوە چونکە کەس کارەکە ناکات، داوایان لە شارەوانی و ڤێتێرنەری دەربەندیخان كردووه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش دەڵێن، نە کرێکارمان لە بەردەستە و نە ھیچ میکانیزمێکمان ھەیە بۆ گرتنیان.
قایمقام ده‌ڵێت “ھەرکەسێک بیەوێت ئه‌م کارە بکات، ئێمە لەبەرامبەر گرتنی ھەر سەگێک بڕی چوار ھەزار دیناری دەدەینێ”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن