سوریا حه‌زناكات یەکەکانی تایبەت بە ژنان له‌ناو یه‌كگرتنه‌كه بن
ئەمریكا و توركیا 30 رۆژ مۆڵەت دەدەنە هەسەدە له‌گه‌ڵ دیمه‌شق یه‌كبگرنه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هه‌ردوو لایه‌نى ئه‌مریكا و توركیا به‌یه‌كه‌وه مۆڵه‌تێكى یه‌م مانگه‌یان داوه‌ته هه‌سه‌ده كه‌له‌گه‌ڵ سوریا یه‌كبگرنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌سه‌ده ئاگادرا كراوه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌ى ناچنه ناو یه‌كگرتنه‌وه پێویسته چه‌ك بكرێن.
ئه‌م زانیاریانه‌ى سه‌ره‌وه، له پێگەی (میدل ئێست ئای)ـى بریتانی بڵاوكراوه‌تەوە و یەکەکانی تایبەت بە ژنانى سه‌ر به هه‌سه‌ده‌ش كه به (یەپەژە) له‌و بابه‌ته براوه‌ته ده‌ر و ئاماده‌نین بیانخه‌نه ناو یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌وه.
ئەمڕۆ دووشەممە پێگه بریتانییه‌كه لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانیەوە بڵاویكردەوە، ئارامی ئەمریکا و تورکیا خەریکە بە كۆتادێت، لە کۆبونەوەیەکدا كە هەفتەی رابردو لە سوریا ئەنجامدراوە، بەرپرسانی ئەمریکی و تورکی مۆڵەتێکی 30 رۆژەیان وەک دوا وادە داوەتە هەسەدە بۆ ئەوەی بچنە پاڵ حکومەتی دیمەشق.
سەرچاوەیه‌ك ئاماژەی بەوەكردوە، بە هەسەدە وتراوە کە هەموو یەکە چەکدارەکانیان ناخرێنە ناو سوپای سوریاوە، ئەو یەکانەی کە لە یەکگرتنەکەدا بەشدار نابن چەک دەکرێن و کۆنترۆڵی گشتی لای حکومەتی سوریا دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، حکومەتی دیمەشق ئارەزویەکی ئەوتۆی نیشان نەداوە بۆ تێکەڵکردنی یەکەکانی تایبەت بە ژنانی هەسەدە، کە بە یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناسراون بۆ ناو ڕیزەکانی.
به‌پێی زانیارییه‌كانى (میدل ئێست ئای) بەرپرسە تورکەکان لە کۆبونەوەكەی هەفتەی رابردودا كە لە سوریا بەڕێوەچوو، جەختیان لەوەکردووتەوە کە نابێت هەسەدە نیازپاکی دیمەشق، ئەنقەرە و واشنتن بقۆزێتەوە بە درێژکردنەوەی دانوستانەکان و کات کوشتن.
سەرچاوەکانی حکومەتی تورکیا نیگەرانن لەوەی کە دەستێوەردانی ئیسرائیل رەنگە هەسەدە هان بدات بۆ بەردەوامبوون لەسەر داواکارییەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی، بەتایبەتی کە وادیارە دیمەشق لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا کاریگەرى نییه و روبەڕووی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی کەمینەی دروز دەبێتەوە.
لە کۆبونەوەکەی هەفتەی رابردودا، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە یەپەگە کردوە کە زانیاری لەسەر تۆڕی تونێلەکان بە درێژایی سنوری تورکیا و کۆگاکانی چەک کە لە ناوچە مەدەنییەکاندا دامەزراون، پێشکەش بکات.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە مەرجی ناونەهێنانی به پێگه بریتانییه‌كه‌ى وتووه، لە کاتێکدا ناتوانن باسی وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان بکەن، بەڵام گفتوگۆکانی یەکگرتن لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریادا بەردەوام و چالاکن.
وتیشی، پشتگیری لە بەردەوامی ئەم گفتوگۆیانە دەکەن وەک باشترین رێگا بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی هەڵپەسێردراو.