مەرەکەبەکە نەما
ئەمجارە هەڵبژاردن بکرێت؛ چیتر پەنجەى پێدا ناکەى
964+
وریا فەتاح
لە بڕیارێکى گرنگدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی بە بەکارهێنانی مەرەکەبى دەنگدان هێنا کە ماوەیەکى زۆر بوو لە عێراقدا دواى دەنگدان، دەنگدەر پەنجەى پێ مۆر دەکرد.
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی مەرەکەبى دەنگدانی دەرکرد، کە بە “پەنجەی مۆر” ناسرابوو.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە فەرمییەی کە واژۆی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی لەسەرە، پاڵپشتە بە یاداشتێک کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەوە لە رێکەوتی 8ـی تەمموزی 2025 پێشکەشکراوە.
هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە، وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتییە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نێوان فەرمانگەی ئۆپەراسیۆنەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری لەگەڵ بەشی گرێبەستەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە جەختی لەسەر پێویستیی وازهێنان لە مەرەکەبى دەنگدان کردووەتەوە وەک هەنگاوێک بەرەو پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و پشت بەستن بە تەکنەلۆجیای نوێ بۆ دڵنیابوون لە پاک و بێگەردی پرۆسەکە.
بڕیارە 11ـى 11ـى 2025، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوەبچێت و نزیکەى 30 ملیۆن دەنگدەرى عێراقیش مافى دەنگدانیان هەیە.
