پێنجوێن

تائێستا نازانرێت درۆنەکە هى کام وڵاتە؛ کوژراوێک و بریندارێک

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى بەهۆى هێرشێکى درۆنى لە سنوورى پێنجوێن کەسێک کوژرا و کەسێکى تریش بریندار بوو، رێکخراوى CPTـى دەڵێت: دوو چەکدار بوون و تائێستا نازانین درۆنەکە هى کام وڵاتە.

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمریکى بە 964ـى وت،” لە کاتژمێر 8:45 خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە تەنیشت باغی ئاغا لە پشتی گوندی شیوەگوێزان لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن، هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس) کە دوو سەر نشینی چەکداری بە ڕەگەز نێری تێدابووە. لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا و سەرنشینەکەی تریش بە سەختی برینداربوو”.

دەشڵێت: تا ئێستا نازاندرێت کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هی کام ووڵاتە، بەڵام لە 7ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 سوپای تورکیا سنوری هەمان گوندی بۆردوومان کردبوو.

پێشتریش بەڕێوەبەرى ناحیەى گەرمک بە 964ـى وتبوو، هێرشەکە کراوەتە سەر ماتۆڕسکیلێک کە دوو سەرنشینى لەسەر بووە.

بەپێى زانیارییەکانى 964، بەهۆى هێرشەکەوە ئاگرێکى گەورە لە سنوورەکە دروستبووە.

لە سنوورى پێنجوێن؛ درۆن کەسێکى کوشت و کەسێکى تر بریندا...

لە سنوورى پێنجوێن؛ درۆن کەسێکى کوشت و کەسێکى تر بریندارە