جوتیاران نیگەرانن
بوختان بە شووتى پێنجوێن دەکرێت
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
جوتیارانى پێنجوێن نیگەرانن لەو تۆمەتانەى دەدرێتە پاڵ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و لە رێگەى 964ـەوە دڵنیایى دەدەن لە تەندروستى بەرهەمەکانیان.
بەختیار قادر، سەرۆکی ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن بە 964ـى راگەیاند، ماوەیەکە بە شێوەیەکی ناڕەوا باس لەوە دەکرێت کە بەرهەمەکانی پێنجوێن دەرماناوی کراون، لە کاتێکدا ئەمە دوورە لە راستییەوە.
وتیشی، “پێشتر لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستی سەردانی کێڵگەکانیان کردووە و نمونەیان لە بەرهەمەکان وەرگرتووە و دەرکەوتووە کە هیچ کێشەیەکیان نییە و لە پشکنینەکان دەرچوون.”
جوتیارانى پێنجوێن لە کاتى کۆبوونەوەکەیاند کە قسەیان بۆ 964 دەکرد، چەند شوتییەکیان شکاند و لێیانخوارد، بە وتەى سەرۆکى ئەنجومەنەکەش، ئامادەیى پیشاندەدات کە هەر کەس و لایەنێک لە هەر شوێنێک بێت و بیەوێت، دەتوانێت سەردانی پێنجوێن بکات و نمونەی بەرهەمەکان وەربگرێت بۆ پشکنین.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن جوتیاران دوو بەشی جیاوازیان هەیە لە بەرهەمەکانیان، یەکێکیان بۆ ماڵەوە و ئەوی دیکەیان بۆ فرۆشتن، بەختیار قادر روونیکردەوە، “ئەو دوو خەتەی جوتیاران بۆ خۆیان جیای دەکەنەوە بۆ ئەوەیە تێکەڵی ئەو بەرهەمە نەبێت کە بۆ فرۆشتنە و پارەکەی حەرام نەبێت.”
قەزای پێنجوێن خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە کە ساڵانە بە بەرهەمە هاوینەییەکانی وەک شوتی، کاڵەک، تەماتە، بیبەر و کولەکە بەناوبانگە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح