دوای هێرشە درۆنییەکان
کارکردن لە بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم راگیرا
964+
پەری ساڵح
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر کێڵگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و راشیگەیاند، دوای هێرشەکانی 15-16ـی تەممووز کارکردن لە بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان راگیراوە، تەنانەت ئەوانەش کە هێرشیان نەکراوەتەسەر.
ئەپیکۆر لە خەمی کارمەندەکانیەتی و دەڵێت، ئەم هێرشانە هەڕەشە بوون لەسەر ژیانی کارمەندە عێراقی و بیانییەکانمان و زیانیشیان بە دامەزراوەکان گەیاندووە، داواش لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات رێکاری زیاتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەند و دامەزراوەکانیان.
لەم هەفتەیەدا زیاتر لە جارێک هێرش کراوەتەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، هەر ئەمڕۆ دووجار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی باعەدرێ و هاوکات لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.