ئەگەر دووبارەی بكەنەوە دەستبەسەر دەكرێن

لە خورماتوو زیاتر لە 100 کیلۆ مادەی خۆراکی بەسەرچوو دەستی بەسەراگیرا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دوای ئەوەی بەشێك لە هاوڵاتییانی دوزخورماتوو سكاڵایان لەسەر چەندین فڕۆشگا كرد، بە تۆمەتی ئەوەی خواردنی بەسەرچوو بە خەڵك دەفڕۆشن و بەشێكیشیان دووچاری كێشەی تەندروستی بوون، زیاتر لە 100 کیلۆ مادەی خۆراکی بەسەرچوو دەستیان بەسەرداگیرا.

ئیدارەی قەزای خورماتوو بەهاوکاری کەرتی تەندروستی قەزاکە لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا بۆ چاودێریكردنی ئەو فرۆشگایانەی کە خواردن و خواردنەوەی بەسەرچوو بەسەر هاوڵاتیيانیدا ساغ دەکەنەوە و لەهەڵمەتێکیشدا زیاتر لە 20 فرۆشگا سزای دارایی دران.

بەشێك لە هاوڵاتییان سكاڵایان كردووە

محەمەد ئەکبەر ئەلبەیاتی، بەڕێوەبەری کەرتی تەندروستیی خورماتوو 964ـی ئاگادار كردەوە، کە ماوەیەکە بەشێک لە هاوڵاتیيان بەردەوام سەردانیان دەکەن و سکاڵايان لەسەر ژمارەیەک فرۆشگا هەیە، بە تۆمەتی ئەوەی خۆراکی بەسەرچوو دەفرۆشنە خەڵکی و بەشێکيان بەهۆی خواردنی ئەو خۆراکە بەسەرچووانەوە دووچاری کێشەى تەندروستی بوون.

“ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ سەر فرۆشگاکانی خۆراک و بازاڕە گشتییەکانی قەزاکە ئەنجام دا و تێیدا زیاتر لە 100 کیلۆ مادەی خۆراکی وشکی بەسەرچوو، زیاتر لە 30 جۆری شلەمەنی بەسەرچووش دەستی بەسەرداگیرا”.

بەوتەی ئەلبەیاتی خاوەنی هەریەک لەو دوکانانەی کە مادە خۆراکییە بەسەرچووەکانی تێيدا دەفرۆشرا، بە بڕی جیاواز غەرامە کران و ئەو مادانەش کە بەسەرچووبوون هەموویان فڕێدەدرێن و دەسووتێنرێن.

دلنیاییش دەدات، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت لە تەواوی فرۆشگاکانی قەزاکە و هەرکەسێک مادەی بەسەرچوو لە دوکانەکانیاندا بێت، سزا دەدرێن و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکە، خاونەکەی جگە لە سزای مادی، دەستبەسەریش دەکرێت.

پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی: 170 تۆن خۆراکی ماوەبەسە...

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی: 170 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوومان لەناو بردووە