هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بزانه
ساڵانە نزیكەی 12 ملیۆن هێكتار دارستان لەناودەبرێن
964+
محەمەد فاتیح
هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام پارێزگاری لە ژینگە دەكات و بەرەوپێشچونێكی باشی بەخۆوە بینیوە لەمڕوەوە، بەڵام نەك هەرێم هەموو جیهان بە چەند هۆكارێك رووبەڕووی گۆڕانی كەشوهەوا بوونەتەوە.
چەندین هۆكار هەن كە دەبنە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هەرێمی كوردستانيش چوار خاڵی خستووەتەڕوو كە هۆكارن بۆ ئەم گۆڕانكارییانه.
1-بەرهەمهێنانی وزە:
بەرهەمهێنانی كارەبا و گەرمی بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییەكانی ژێر زەوی دەبنە هۆی بەشێكی زۆر دەرچوونی گاز و تیشكی زیانبەخش لە جیهاندا، بڕی زۆرینەی كارەبا هێشتا بەهۆی سووتاندنی خەڵوز و نەوت و گاز بەرهەم دەهێنرێت. بەمەش دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و ئۆكسیدی نایترۆجین بەرهەم دێن، كە گازی زۆر گەرمن و زەوی دادەپۆشن و گەرمی خۆر نادەنەوە.
2-بڕینەوەی دارستانەكان:
بڕینەوەی دارستانەكان بۆ دروستكردنی كێڵگەكان یان لەوەڕگا یان لەبەر هۆكاری تر، دەبنە هۆی زیادبوونی گازە ژەهراویی و گەرمكەرەكان، لەبەر ئەوەی درەختەكان كاتێك دەبڕدرێنەوە، ئەو كاربۆنە دەردەدەن كە هڵیانگرتووە، ساڵانە نزیكەی 12 ملیۆن هێكتار دارستان لەناودەبرێن، لەبەر ئەوەی دارستانەكان دووەم ئۆكسیدی كاربۆن هەڵدەمژن، لەناوچوونیان توانای سروشت سنووردار دەكات بۆ ئەوەی دەردانی گازی ژەهراوی لەبەرگەهەواوە دوور بخاتەوە.
3-بەكارهێنانی هۆكارەكانی گواستنەوە:
زۆربەی ئۆتۆمبێلەكان، بارهەڵگرەكان، كەشتییەكان و فڕۆكەكان بە سووتەمەنییەكانی ژێر زەوی كار دەكەن، بەمەش هۆكارەكانی گواستنەوە بەشدارێكی سەرەكی دەبن لە دەرچوونی گازە گەرمەكان بەتایبەتی دەرچوونی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن.
4-بەرهەمهێنانی كاڵاكان:
پیشەسازییەكانی بەرهەمهێنان دەبنە هۆی دەردانی گازە گەرمەكان، كە زۆربەیان لە سووتاندنی سووتەمەنیی ژێر زەوی، بۆ بەرهەمهێنانی وزە، دەردەچن، ئەمەش لە دروستكردنی كاڵاكانی وەك چیمەنتۆ و ئاسن و پۆڵا و ئەلیكترۆنیات و پلاستیك سەرچاوە دەگرن، پیشەسازییەكانی بەرهەمهێنان یەكێكن لە گەورەترین بەشداریكەرانی دەرچوونی گازە گەرمەكان لە جیهاندا.