لە ئەنجامى هێرشێکدا
رۆژئاواى کوردستان؛ پێنج کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشى
964+
وریا فەتاح
هەر هەرێمى کوردستان نییە دەکەوێتە بەر هێرشى درۆن و پەلامار، ئەوەتا لە رۆژئاواى کوردستانیش لە ئەنجامى هێرشێکدا، پێنج کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشیوە، لە هێرشێکى دیکەش دوو کارمەندى دیکە بریندارن.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوى کردەوە کە دوێنێ 14ـى تەمموز، یەکێک لە بازگەکانی هێزەکانیان لە شارۆچکەی شەدادی، کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج کارمەندیان گیانیان بەخشیووە.
وەک باسکراوە، هەر دوێنێ، “گروپە تیرۆرستییەکان” هێرشیان کردووەتە سەر دوو خاڵی ئەمنی لە شاری تەبەقە و دوو کارمەندی دیکەیان بریندار کردووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەخت لەوە دەکەنەوە کە “ئەم کردەوانە، کە هێزەکانمان دەکاتە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە، ورەمان بەرنادەن لە جێبەجێکردنی ئەرکمان بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکەمان و پاراستنی ئاسایشەکەی.”
ئاماژە بەوەشکراوە کە لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دۆزینەوەى و ئاشکراکردنى ناسنامەى ئەنجامدەرانى ئەو کارە و رادەستکردنیان بە دەسەڵاتى دادوەرى.