چەند رێگایەک داخران

لە کۆیە و پشدەر خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

محەمەد عەلی – راپەڕین

جارێکی تر دانیشتووانی چەند گوندێکی کۆیە و دەڤەری پشدەر هاتنەوە سەر جادە و دژی کەمی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری گردبوونەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14.7.2025 دانیشتووانی هەریەکە لە گوندەکانی تۆبزاوا و شیلە و شێخەروان لە سنوری قەزای کۆیە و لە نزیک بازگەی تۆبزاوا رێگای هاتوچۆی نێوان کۆیە – هەولێریان بەتەواوی داخست.

هەنگاو سەڵاح دانیشتوویەکی ئەو دەڤەرە بە 964ـی وت، “زۆرمان پێناخۆشە کە رێگەکەمان بەڕووی خەڵکدا گرتووە، بەڵام ناچاربووین ئەمە بکەین، چونکە سەردانی بەرپرسانی ئیدارەی کۆیەمان کردووە و گرفتەکەمان پێگەیاندوون و پێیان وتین بۆتان چارەسەر دەکەین بەڵام نەیانکرد”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا رێگەکەیان داخستووە و تا وەڵامی کۆنکرێتیان نەدرێتەوە، نایکەنەوە بەڵام لەوانەیە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک بیکەنەوە.

هاوشانی گوندنشینیانیش، ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری کۆیە بۆ پشتیوانی داواکانیان، چونەتە پاڵ خۆپیشاندەران و ئەوەش بۆتەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی بچووک و بارهەڵگر لە هەردوو ئاڕاستەی هاتن و رۆیشتن لەسەر رێگاکە بمێننەوە.

هەر دژی کەمی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، لە دەڤەری پشدەریش، ژمارەیەک گەنج لەسەر پردی ژاراوە گردبوونەوە و رێگای رانیە بۆ قەڵادزێیان بۆ ماوەیەک داخست.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

بەبیانووى ئەوەى دۆخەکە ناسکە؛ رێگە بەخۆپیشاندان نەدرا

بەبیانووى ئەوەى دۆخەکە ناسکە؛ رێگە بەخۆپیشاندان نەدرا