پارێزگارى هەولێر و سەرکونسوڵى ئێران
پارێزگارى هەولێر بۆ کونسوڵى ئێران:
بۆ ئەمساڵ باشتر پێشوازى لە زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن دەکەین
964+
وریا فەتاح
پارێزگارى هەولێر دڵنیایى بە سەرکونسڵى ئێران دەدات، کە ئەمساڵ، باشتر لە ساڵى رابردوو پێشوازى لە زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە دیوانى پارێزگاى هەولێر، ئومێد خۆشناو پێشوازى لە فەرامەرز ئەسەدى، سەرکونسڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد.
وەک ئەوەى پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا، کە شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى بوو، هەردوولا پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و هەرێمى کوردستان و دۆخى سیاسى و ئەمنیى ناوچەکە و چەند پرسێکى دیکەی پەیوەست بە دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد.
وەک باسکراوە، سەرکونسوڵى گشتیى ئێران، سوپاسى هەرێمى کوردستانى کردووە لە پێشوازیکردنی ساڵانەى زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشدارییان لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن.
لاى خۆیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، دڵنیایى داوە کە ئەمساڵ باشتر لە پار ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیی و خزمهتكردنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران تاکو دواخاڵی پارێزگاى هەولێر کە بازگەی شێراوەیە.