ئەوەی تۆ دوور بۆی دەگەڕێیت رەنگە بە پاڵ خۆتەوە بێت

گەنجێكی زاخۆ لە دەرەوەی وڵات بێ‌ هیوایان كردووە كەچی لێرە چارەسەری بۆ كراوە

964+

محەمەد فاتیح

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا دەردەکەوێت گەنجێک عود دەژەنێت لەکاتێکدا نەشتەرگەرییەکی هەستیاری مێشکی بۆ دەکرێت لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەی ئەلحەیاتی نێودەوڵەتی موسڵەوە، ئەو گەنجە ناوی محەمەد سەربەستە و گۆرانیبێژ و میوزیکژەنی خەڵکی زاخۆیە، لە موسڵ لە ژێر بەنجی مەوزوعی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا هۆش و هەستی خۆی لەدەست نەداوە  و بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی مێشک و دەستەکانی بە باشی لە کاتی لابردنی وەرەمەکەدا عودی ژەنیوە و گۆرانی وتووە.

تیمی 964 سەردانی نەخۆشحانەی حەیاتی نێودەوڵەتیكرد لە شاری موسڵ كە نەشتەرگەرییەكەیان بۆ محەمەد سەربەست كردووە و بۆی دەركەوت كە ئەمە یەكەم نەشتەرگەرییە لەم جۆرە لەسەر ئاستی عێراق بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.

هونەرمەندی لاوی شاری زاخۆ محەمەد سەربەست چیرۆكەكەی بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “دوای ئەوەی دەرکەوت گرێیەك لە سەرمدا هەیە، دەکەوێتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار لە نێوان ناوەندەکانی قسەکردن و جوڵەی دەست، سەردانی چەند وڵاتێکم کرد، لەوانە تورکیا و هیندستان و لوبنان، بەڵام لە کۆتاییدا پێیان وتم کە ئیفلیج دەبم یان توانای قسەکردن لەدەست دەدەم”.

وەك محەمەد سەربەست خۆی دەیگێریتەوە دوای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات پێیان وتووە سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە زۆر لاوازە، بە سودفە چاوی بە دكتۆر یەحیا و تیمەكەی كەوتووە و دڵنییان پێداوە كە بەشێك لە سەری سڕدەكەن و بە سەركەوتوویی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجام دەدەن.

“بڕیارم دا نەشتەرگەرییەكە لای دكتۆر یەحیا عەبدولڕەزاق جحێشی بكەم لە نەخۆشخانەی حەیاتی نێودەوڵەتی لە شاری موسڵ و لەگەڵ ئەوەی ئەوان نەشتەرگەرییان بۆ سەرم دەكرد من عودم دەژەنی تاكو گرێیەكەیان بە تەواوەتی دەركرد و بە هەموو هۆشیەكمەوە عودەكەم دەژەنیی و هەستم زۆر ئاسایی بوو لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا، زۆریش خۆشحاڵم بە سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە لەكاتێكدا پێشتر پێیان وتبووم كە توشی ئیفلیج بوون دەبم”.

پزیشكەكەش بەمجۆرە بۆ 964 دوا “ئەمە بۆ یەكەمجارە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە دەكرێت لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا و بیرۆكەی ئەوەی لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا لە هەمان كاتدا عود بژەنێت و گۆرانیش بڵێت ئەوەیە، كە ئەمە بە (فاینس كێلس) ناسراوە واتا لێهاتویی ورد، لەكاتێكدا پزیشكەكە نەشتەرگەری دەكات دەیەوێت دڵنیابێت كە نەخۆشەكەی لێهاتووەیەكانی كۆنتڕۆڵ كردووە و ناوەندەكانی مێكیش لە ئاستێكی زۆر بەرزدا كاردەكەن لە رێگەی گوێگرتنیەوە لەو ئاوازەی كە دەیژەنێت و پەنجە جوڵاندنەوەی نەخۆشەكە و هەروەها قسەكردنى”.

هەرگیز هیوا لەدەست مەدە، ئەوەی تۆ بە دووری دەزانیت و هەنگاوی گەورەی بۆ دەنێیت و پێت وایە بە ئاستەم رەنگە ئەگەر پێی بگەییت، هیچ دوور نییە هێندە نزیك بێت بە پاڵ خۆتەوە بێت.

دڵی لەكاركەوت و نەشتەرگەری بۆ كرا و لە مردن رزگار كرا

دڵی لەكاركەوت و نەشتەرگەری بۆ كرا و لە مردن رزگار كرا