چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە - وێنە: ئاژانسەکان
پێشنیارێک هەیە
چەکە سووتاوەکانی گەریلا چی لێدەکرێت؟
+964
دیلان محەمەد جەزا
دوای سووتاندنی چەکەکانی 30 گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە، پەیکەرسازێکی کورد پێشنیاری دروستکردنی مۆنۆمێنتێک دەکات لەو چەکە سووتاوانە.
زیرەک میرەی پەیکەرساز بە 964 وت، پێشنیارێکی کردووە بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لەو چەکانەی لەلایەن 30 گەریلاوە سووتێندران لە رۆژی هەینیی رابردوودا، لەسەر ئاستی باڵاوە پەیوەندی پێوە کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
باسی لەوەش کرد، کاتێک بینیویەتی چەکەکان دەسووتێندرێن دوو حاڵەتی لا دروست بووە، پێی وابووە چەکێک بسووتێت نەک جەرگی دایکێکی کورد بسووتێت، دووەمیان خەباتی 45 ساڵی بزووتنەوەیەکی کوردی لەگەڵ وڵاتێکی بێ متمانەی وەک تورکیا زۆر نیگەرانی کردووە، بیرۆکەی ئەو پێشنیارەی لەو دوو حاڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە.
میرە ئەوەشی خستەڕوو، دەیەوێت لە رێگەی ئەو چەکانەوە مۆنۆمێنێک دروست بکات و پەیامێک بێت بۆ تەواوی دنیا، كە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە، ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان لەو پەڕی بەهێزیدایە و هەنگاو بۆ ئاشتی دەنێت، کاری هونەری زیاتر دەتوانێت خۆی بخاتە ناو کۆمەڵگە و میدیاکانەوە.
ئەوەشی باس کرد، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتاییە و یەکێک لەو شوێنانەی دەستنیشان کراوە، ئەشکەوتی جاسەنەیە بۆ دانانی مۆنۆمێنتەکە و چەند شوێنێکی دیکەش دەستنیشان کراون، لە کاتی یەکلابوونەوەیدا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و کار لەسەر پڕۆژەکەی دەکات.
رۆژی 11.7.2025 لە یەکەم هەنگاوی کرداری پرۆسەی دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 30 گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا