موچەیان وەرنەگرتووە و بایکۆتە
دەرگای نەخۆشخانەی گشتی کەلار جارێکی تر داخرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتی کەلار 18ـی مانگی رابردوو بایکۆتیان کرد، بەڵام دوای 12 رۆژ، بایکۆتیان شکاند و دەستیان بەدەوام کردەوە، کەچی ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە دەستیان بە بایکۆت کردۆتەوە.
حارس محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار بە 964ـی وت، “راستە کارمەندەکانمان سەرەتا 12 رۆژ بایکۆتیان کرد، دواتر باس لەوەکرا کە موچە دێت ئەوانیش لە 30ـی مانگی پێشوو دەستیان بە دەوام کردەوە”.
“ئەوان دوو ھەفتەیە دەوام دەکەن، چارەنوسی موچە ھەر دیار نییە، بۆیە بەناچاری دەستیانکردەوە به بایکۆت و ئەمڕۆ ھیچ نەخۆشێک چارەسەری پێنەدرا لە نەخۆشخانەکەمان”، حارس محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانن زۆر بکەن لە کارمەندەکانیان دەوام بکەن، چونکە وا بۆ سێ مانگ دەچێت ھیچ موچەیەکیان وەرنەگرتوە و پارەیان پێ نییە.
جگە لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار و بەشێک لە مەڵبەندە تەندروستییەکانی سنووری گەرمیان، فەرمانگەی دادنوسی کەلار دەوامی بەیانیان و ئێواران، فەرمانگەی دادنوسی ناحیەی رزگاری و قەزای کفری و دەربەندیخانیش بایکۆتیان کردووە، ئەو فەرمانگانەشی بایکۆتیان نەکردووە، دەوامکردن تێیاندا بووە بە نۆرە و تەناوب.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری