نمونەی سایلۆیەکی نوێ لە گەرمیان. وێنە:964+
گەنمی جوتیارانیان وەرگرت
سبەینێ سایلۆی کەلار دادەخرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سبەینێ یەکشەممە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی کەلار کۆتایی دێت و کۆتا رۆژە جوتیاران بتوانن گەنمەکانیان ببەن بۆ سایلۆ، بەڕێوەبەری سایلۆکەش دەڵێت، بڕێکی زۆر کەممان ماوە لەو بڕە گەنمەی بۆمان دیاریکراوە وەریبگرین.
کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی کەلار بە 964ـی وت، “دوای مانگێک لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، سبەینێ یەکشەممە ئەو بڕە گەنمەی بۆمان دیاریکرابوو وەریبگرین لە سایلۆی کەلار کۆتایی دێت”.
“بڕی 39 ھەزار تۆن و 500 کیلۆ گەنممان بۆ دیاریکرابوو ئەمساڵ وەریگرين لە سایلۆکە، تا ئیستا نزیکەی 39 ھەزار تۆن 200 کیلۆمان وەرگرتووە، تەنھا بڕێکی کەم ماوە و سبەینێ ئەوەش وەردەگرين و پرۆسەکە کۆتایی دێت”،کاروان رەئوف وای وت.
لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران کاروان رەئوف وتیشی،”تەنھا ئەو گەنمانەی بە سیستەمی نوێ مرەشە ئاو دراون، لەبەرامبەر ھەر تۆنێک بڕی 850 ھەزاریان پێدەدرێت، گەنمەکانی دیکەش بە 800 ھەزار دینار وەردەگیرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سبەینێ وەرگرتنی گەنم لە سەرجەم سایلۆکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆتایی دێت، تا ئێستا ھیچ پارە نەدراوە بە جوتیاران لەبەرامبەر وەرگرتنی گەنمەکانیان و ناشزانین کەی پێیان دەدرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی