بۆ پاراستنى چەکەکان

 مۆزەخانەیەک لەبەردەم ئەشکەوتى جاسەنە دروست دەکرێت

964+

وریا فەتاح

ئەو چەکانەى ئەمڕۆ ژمارەیەک گەریلا سوتاندیان، دەخرێنە مۆزەخانەیەکەوە و دەپارێزرێن و لە شوێنى خۆى مۆزەخانەیەکى تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ 11ـى تەمووزى 2025، ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وەک هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.

ئەم هەنگاوە وەڵامێکە بۆ بانگەوازی ئاشتی کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەوە کرابوو.

رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) و مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ پاراستنی ئەم چەکانە وەک هێمایەکی ئاشتی راگەیاند.

بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی CDOبە 964ـى وت،”بڕیارە مۆزەخانەیەکی بچووک لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە دروستبکەین، ئەو چەکانەی ئەمڕۆ سوتێنران، لەو مۆزەخانەیەدا هەڵدەگیرێن و پارێزگارییان لێدەکرێت.”

وتیشی،”سەرجەم ئەو وێنانەی لە رێوڕەسمەکەدا تۆمارکراون، دەبنە بەشێک لە کەرەستەی مۆزەخانەکە”.

“مەبەست لەم پڕۆژەیە بە گەورەیی راگرتنی پڕۆسەکەیە و کردنیەتی بە مۆزەخانەیەک کە پەیامی ئاشتیی پێیە بۆ جیهان و بۆ باکووری کوردستان و تورکیا و کورد”، بەختیار ئەحمەد واى وت.

بۆ پاراستنی چەکەکان تا کاتی تەواوبوونی مۆزەخانەکە، رێکخراوەکە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە، بە وتەی بەختیار ئەحمەد، “مۆزەخانەکە دەبێتە ناوەندێکی مێژوویی بۆ پڕۆسەیەکی مێژوویی و لە داهاتوودا گەشتیاران و توێژەران دەتوانن سوودی لێ ببینن.”

ئەشکەوتی جاسەنە، کە شوێنی رێوڕەسمەکە بوو، خاوەن گرنگییەکی مێژووییە و لە ساڵی 1923 پەناگەی شێخ مەحموودی حەفید بووە. بڕیارە ئەم پڕۆژە نوێیە رەهەندێکی دیکەی مێژوویی و پەیامێکی ئاشتیخوازانە بدات بەم ناوچەیە.

پەیامى ئەردۆغان لەبارەى چەکدانانى پەکەکەوە

پەیامى ئەردۆغان لەبارەى چەکدانانى پەکەکەوە