"بەم بارانە زیاتر لە دوو مەتر ئاویان تێچووە"

ھەموو بەنداوەکانی گەرمیان سەرڕێژیان کرد

میلاد جەلال – گەرمیان

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چوار بەنداو هەن، بەھۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی چەند رۆژێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ ھەر چوار بەنداوەکە پڕبوون و سەرڕێژیان کرد.

جەبار مەحمود سەرپەرشتیاری بەنداوەکانی گەرمیان بە 964ـی وت، “هەر چوار بەنداوەکەی گەرمیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10.12.2025 پڕبوون لە ئاو و سەرڕێژیان کرد، بەنداوەکانیش سەلامەتن و ھیچ کێشەیەکیان نییە”.

“دوای ئەو شەپۆلی بارانبارینە، ئاستی ئاوی هەرکامێکیان مەترێک بۆ دوو مەتر و نیو بەرزبووەتەوە و  سەرڕێژیان کردووە”، جەبار مەحمود وای وت.

بەنداوەکانی گەرمیان ئەمانەن؛

بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری؛ نزیکەی 6 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

بەنداوی ئاوەسپی لە ناحیەی ئاوەسپی؛ 21 ملیۆن و 250 ھەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

بەنداوی تورەجار لە ناحیەی شێخ تەویل؛ دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

بەنداوی حەسەن کەنشش لە سنووری ناحیەی سەنگاو؛ 400 ھەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری