لە 10% پرۆژەكە تەواو بووە
ئەگەر كێشەی دارایی نەبێت بەماوەی ساڵێك پرۆژەی ئاوى كۆپتەپە چەمچەماڵ تەواو دەبێت
964+
محەمەد فاتیح
دەمێكە چەمچەماڵ بەدەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنێت و پرۆژەی گۆپتەپە چەمچەماڵیش بەردەوام كێشەی بۆ دروست دەبێت، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان له رێگەی 964وە دڵنیایی دەدات كە پرۆژەكە ئەمجارە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە 964ـی وت “چارەسەركردنی كەمئاویی قەزای چەمچەماڵ تەنها لە رێگەی پرۆژەی ئاويی گۆپتەپە چەمچەماڵەوە دەبێت و ئیشوكارەكانی دەستی پێكردووە و زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت”.
دەشڵێت، ” نزیكەی لە 10% كارەكانی تەواو بووە و لە رووی تەكنیكییەوە ئیش و كارەكان زۆر چوونەتە پێشەوە و نزیكەی 90% دیزاینەكەشی تەواو بووە و ئیشێكی باشیش بۆ دابینكردنی زەوییەكانی كراوە”.
“ئەم پڕۆژانە پێویستیيان بە تەمویلێكی باش هەیە و ئەگەر كێشە و گرفتی دارایی نەبێت كۆمپانیاكه بەڵێنی داوە لەماوەی یەك ساڵ ئیش و كارەكانی پرۆژەى ئاوى كۆپتەپە چەمچەماڵ تەواو بكات” ئاری ئەحمەد واى وت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9.7.2025 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان پرۆژەی ئاوى كۆپتەپە چەمچەماڵى بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە چاودێری ئیش و كارەكانی كرد.