پێنج کیلۆمەتری ماوە

مانگ رۆیشت و رێگاکەی کێلێ وەک خۆیەتی.. بارهەڵگرەکان لە شەممەوە ناچن

964+

محەمەد عەلی

ئەو پێنج کیلۆمەترەی رێی کێلێ کە قەولبوو بە مانگێک تەواو بکرێت، هەر تەواو نەبوو، شۆفێری بارهەڵگرەکانیش دەڵێن لە شەممەوە ئیتر تەرکی رێگاکە دەکەین.

مەرزی کێلێ لە خاڵە سنوورییە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانە (لەدیوی قەڵادزێ)، رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر بەوێدا دەڕۆن، بەڵام بەردەوام گلەییان هەیە کە رێگاکە خراپەو زەرەریان لێ دەدات.

زیاتر لە مانگێک پێش ئێستا شۆفێرەکان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەوکات پێیان وترا ئەو بەشەی کە ماوە بە مانگێک بۆیان تەواو دەکەن، بەڵام ئەوە بووە مانگ و دە رۆژ و رێگا وەک خۆیەتی.

ئێستا شۆفێرەکان لە بەینی خۆیان قسەیان کردووە دەڵێن لە رۆژی شەممەوە مان دەگرنەوەو ئیتر هاتوچۆ ناکەن.

محەمەد عوسمان، شوفێری بارهەڵگری مەرزەکە ئەمڕۆ چوارشەممە  9.7.2025 بە 964ـی وت ”رێگای قەڵادزێ بۆ دارەشمانە زیاتر لە یەک ساڵە کاری تێدادەکرێت و نۆژەن دەکرێتەوە و ئێستا داخراوە، بە شێوەی کاتی رێگای گوندی کانیلاندا بەکاردەهێنین، مانگی رابردوو سەرجەم شوفێرانی مەرزەکە مانمانگرت و مەرزەکە پەکی کەوت، ئەوکات بەرپرسان  پێیان وتین مانگرتن بشکێنین و مانگێکی تر رێگاکە تەواو دەکەین، ئێستاش مانگەکە رۆشتوو رێگاکە تەواو نەکراو بگرە کارکردنیش تێیدا وەستاوە.”

موستەفا سلێمان شۆفێرێکی دیکەیە، ئەویش بەلای بارهەڵگرەکەیەوە وەستابوو کە مایکی 964ی بینی وتی: ”سەیارەکانمان هەموو عەدم بوون و هەر رێگاکە چاک ناکرێت، هەرچی پەیا دەکەین دەبێ سێ ئەوەندە بدەینە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانمان”.

خۆی هەموو بەسەر یەکەوە رێگاکە 11 کیلۆمەترە، ئەوەی ماوە بە نزیکی نیوەیەتی، ئەگەر ئەوەش تەواو ببێ رێگای ئەو دەیان بارهەڵگرەو ئەو خەڵکەش ئاسان دەبێت کە بە کێلێدا دێن و دەڕۆن، ئەوەندەی حیسابکراوە رۆژی نزیکەی هەزار کەس ئەو رێگایە بەکار دەهێنن.

جموجوڵی بازرگانی لە کێلێ ئاسایی نەبووەتەوە

جموجوڵی بازرگانی لە کێلێ ئاسایی نەبووەتەوە

دانیشتووانی گوندەکانی پشدەر  رێگەی مەرزی کێلێیان داخس...

دانیشتووانی گوندەکانی پشدەر  رێگەی مەرزی کێلێیان داخست

مەرزى کێلێ تەنیا بۆ 10 خولەک داخراوە

مەرزى کێلێ تەنیا بۆ 10 خولەک داخراوە