عەبدوڵا ئۆجەلان و ژمارەیەک لە زیندانی کراوانی پەکەکە - وێنە: AFN
بۆ یەكەمجار پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە
عەبدوڵا ئۆجەلان: ستراتیژی شەڕی رزگاریی نەتەوەیی كۆتایی هاتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەخشێكی راستەوخۆدا، كە لەلایەن چەند كەناڵێكەوە گواسترایەوە، پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ستراتیژی شەڕی رزگاریی نەتەوەیی كۆتایی هاتووە و هەنگاوەكانی ئەم قۆناغەش مێژوویین.
ئۆجەلان لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە دەركەوت و لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەنگاوی جیدی بۆ چارەسەری بنرێت و پەكەكە هەنگاوی زۆری ناوە بۆ چەكدادان، پێویستە پەرلەمانی توركیاش پرۆسەكە بەرەو پێشەوە ببات بۆ هێنایەكایەی دیموكراسی و ئەمە كاری پەرلەمانە.
وتیشی، پرۆسەی چەكدادانانی پەكەكە بەم زووانە دەستپێدەكات و پەكەكەش وازی لە پێكهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی هێناوە.
ئۆجەلان كە لە 1999ەوە زیندانی كراوە، هەروەها وتی، ئاشتی، پرۆسەی دیاریكردنی قەدەرە، بە دانانی چەكیش پرۆسەی سیاسی و یاسایی دەستپێدەكات، پێویستە هەموو كارەكان بە باشی بەڕێوەبچن و پێكهێنانی كۆمیسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ ئەمە پێویستە و دەم پارتییش ئەركی سەرشانی بە باشی جێبەجێ دەكات.
عەبدوڵا ئۆجەلان وتیشی، هیچ كاتێك داوای ئازادكردنی خۆی نەكردووە، بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چارەسەرییش پێویستە هەمووان ئەوەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بكەن بە تەواوی.
پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئایاری رابردوو لە كۆنگرەی 12 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا و بڕیاریشی دا چەك دابنێت، ئەمەش لەسەر داوای ئۆجەلان بوو، وەك هەنگاوێكی گەورە و مێژوویی بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری لە توركیا.
ئەمە یەكەمجارە ئۆجەلان دوای زیندانیكردنی لە 1999، لە پەیامێكی ڤیدیۆیی و راستەوخۆدا دەربكەوێت.