عەلەفمان بۆ دابین نەکەن چیتر قەیماغى کەرکوک ناخۆن
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
گرانی ئالیک و راگرتنی پشتیوانی حکومەت، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر گامێشەوانەکای کەرکوک و، دەڵێن ئەگەر پشتگیریمان نەکرێت ئەوا واز لە بەخێوکردنی دەهێنین.
کەرکوک، یەکێکە لەو شارانەی عێراق ساڵانێکی زۆرە لە باشووری شارەکە دەیان کەس سەرقاڵی بەخێوکردنی گامێشن، بەڵام لەدوای هەڵگرتنی پشتیوانی حکومەت لە دابینکردنی ئالیف بۆیان لەساڵی ٢٠١٤، هەڕەشەی لەسەر بەخێوکردنی گامێش دروستکردووە.
حوسێن محێبس ئەلبوكەعبی ٥٣ ساڵ، زیاتر لە ٣٠ ساڵە کاری بەخێوکردنی گامێش دەکات لە ناوچەی سەیادەی باشووری کەرکوک، بە میدیازانی راگەیاند، بەهۆی وشکەساڵییەوە بەگشتی لەوەڕگاکان وشکبوون، ئەمەش وایکردووە نرخی ئالیک و عەلەف گران بێت و لە بازاڕدا نرخی تۆنێکی گەیشتووەتە ٦٠٠ هەزار دینار، وتی “تا ٢٠١٤ حکومەتی عێراق، ئالیکی بۆ دابین دەکردین، لەو کاتەوە تائێستا ئەو پشتگیرییە نەماوە”.
مانگا، بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی کە شیر دابین دەکات بەیەکێک لە ئاژەڵە ستراتیژییەکانی هەر وڵاتێک دادەنرێت لە پیشەسازی دروستکردن و بەرهەمهێنانی سپیایی وەک ماست و پەنیرو قەیماغ و خامە.
“عەلەف و ئالیک، بوونەتە هەڕەشە لەسەر گامێشەکانی کەرکوک و عێراق”
دكتۆر عەبدولكەریم شەهاب، جگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری كەركوك دەڵێ، تەنیا لە سەنتەری کەرکوک، دوبز، پردێ، تازەو رەشاد زیاتر لە شەش هەزار ٦٠٠ سەر گامێش هەیە، نزیکەی ١٠٠ کەس خاوەنداریەتییان دەکات”.
میدیازان دەزانێت، لە کەرکوک چەند جۆرێک گامێش بەخێو دەکرێن کە دیارترینیان شایبە، مەدلولە، بگعە، خیرەو خدەیە، گامێشەوانەکانیش تا تەمەنی ١٥ ساڵی سوود لە بەرهەمەکانی گامێشەکان وەردەگرن و دواتر دەیفرۆشن.
بەقسەی وحوسێن بێت، ئەو قەیماغەی لەهەولێر بەرهەمدێت، شیری ئەو مانگایانەیە کە لەکەرکوک بەخێو دەکرێن و، روونی دەکاتەوە کە هەر کیلۆ شیرێک بە هەزارو ٥٠٠ دینار بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی قەیماغ دەفرۆشن، ئەوانیش دەیکەنە قەیماغ و کیلۆی بە کۆ بە ١٧ هەزار دینار دەیفرۆشنەوە.
حوسێن دەڵێ، ئەو دۆخە وا بەردەوام بێت، ناتوانین چیتر مانگایەکان بەخێو بکەین، بەمەش چیتر ناتوانین شیر بۆ کارگەکانی هەولێر دابین بکەین، زیاتر وتی “داوا لە حکومەت دەکەین ئالیک و عەلەفمان بۆ دابین بکەن تا بتوانین بەردەوام بین، ئەگەر هاوکاریمان نەکرێت، ناچارین وازبێنین و گامێشەکان بفرۆشین”.