هەواڵێكی میدیای ئێران بەدرۆ دەخاتەوە

وەزارەتی ناوخۆ: هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان نییە

964+

شۆڕش قادری

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەواڵێكی میدیای ئێران بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان نییە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی رابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل، هەمو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە راستی، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی واش ئەنجام دراون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی رابردوو درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆلەوانی لە نزیک هەولێر کەوتۆتە خوارەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، ئەو هێرشانە لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدڕاڵی سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.