پۆلیسی لەیلان روونکردنەوەیدا

درۆنەکەی کارگەی چیمەنتۆی لەیلان یاری منداڵان دەرچوو

964+

کاروان ساڵحی

ئەو درۆنەی لە ناحیەی لەیلان کەوت یاری منداڵان دەرچوو و پۆلیسی لەیلانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەین.

پۆلیسی لەیلان روونکردنەوەیەکیان لەم بارەوە خستەڕوو دەڵێت،
لە کاتژمێر 11:55 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 4.7.2025، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەناو کارگەی چیمەنتۆی لەیلان لەسەر رێگەی نێوان کەرکووک و ناحیەی لەیلان دۆزرایەوە.

دەشڵێت، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی لەیلان لەگەڵ پسپۆڕی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران، دوای پشکنین دەرکەوت کە فڕۆکەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بچووک (درۆن)ە و یاریی منداڵانە.

روونیشێکردووەتەوە،  درێژییەکەی 12 سم و پانییەکەی شەش سم بوو، هەروەها چوار باڵ و شوێنی دانانی کامێرای هەبووە، و لەلایەن تیمەکانەوە هەڵگیراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لەم بارەیەوە بەردەوامە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لەناحیەی لەیلان لەم بارەیەوە بۆ 964 وتی، ئەوەی کەوتۆتە ناو کارگەی چیمەنتۆی کەرکوک لە ناحیەی لەیلان درۆنی وێنەگرتن بووە وهیچی تر نیە، پێدەچێت پاتریەکەی شەحنی تەواو بوبێت، یان لەلایەن خاوەنەکەیەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستدابێ.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

"جێی گومانە راداری فڕۆکەخانەی کەرکوک شوێنی درۆنەکەی ئاشکرا نەکردبێت"