دانیشتوانی گوندەكە نیگەرانن

لە گوندێكی كەركوك سوپای عێراق قوتابخانەیەكی كردووەتە سەربازگە

964+

محەمەد فاتیح

قوتابخانەی گوندێك لە شارى كەركوك لەلایەن سوپای عێراقەوە بەكار دەهێنرێت و ئەمەش دانیشتوانی گوندەكەی ناڕەحەت كردووە و مافی مرۆڤی عێراقیش دەچێت بە هاناى بانگەوازی گوندەكەوە.

کۆمیسیۆنى باڵای مافی مرۆڤى عێراق بڵاویكردەوە بەدواداچونیان بۆ بانگەوازی دانیشتوانی گوندی “تپە جەلاو” كردووه لە ناحیەی یایچی پارێزگای كەركوك سەبارەت بە قوتابخانەیەك کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کەرکوک بەكاردەهێنرێت و داوا دەكەن چۆڵی بكەن.

دەشڵێن، “قوتابخانەکە لە قۆناغی دروستکردندایە و لە ئێستادا لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە بەكاردەهێنرێت چونكە دەکەوێتە ناو سیاجی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکەوە، ئەمەش رێگری دەکات لە بەکارهێنانی بۆ مەبەستی پەروەردەیی”.

وتیشیان، “كۆبوونەوەیان لەگەڵ شارەوانی و هاوڵاتییانی گوندەكە كردووە و داواییانكردووە سوپای عێراق قوتابخانەكە چۆڵ بكات و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەكەنەوە بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست”.