داواى 10 بهشی كردبوو
پێنج بەشی تازە لە زانکۆی گەرمیان دەکرێتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای ئەوەی زانکۆی گەرمیان پێشنیاری کردنەوەی 10 بەشی نوێی کرد بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتەکە تەنھا کردنەوەی پێنج لەو بەشانەی قبوڵکردووە.
ئەو بەشە تازانەی کە دەکرێنەوە بریتین له خۆراک و خۆراکزانی، ژمێریاری ئەلیکترۆنی، سیستەمە سیاسیەکان و سیاسەتی گشتی، زانستە گشتیەکان و پلاندانانی شار.
محەمەد ئیبراھیم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە 964ـى وت، ھەندێک لە بەشەکانی پێشوی زانکۆکە خواستی خوێندکار لەسەری نەماوە چونکە دەرفەتی کار بۆ خوێندکار نارەخسێنێت، ئەمەش وای کردبوو ژمارەی خوێندکارانی زانکۆ ساڵانە کەمتر بکات، ئەمەش رانکینگی زانکۆکە دادەبەزێنێت.
وتیشی “ئەو بەشە تازانە بەپێی گرنگی و دەستکەوتنی ھەلیکار بۆ خوێندکار کراونەتەوە، دوای چوار ساڵ خوێندکار کە ئەو بەشانەی تەواوکرد لە بازاڕی کاردا بە ئاسانی کاریان دەستدەکەوێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی خوێندکار بۆ ئەو بەشانە لەرێگەی سیستەمی زانکۆلاینەوە دەکرێت، ھەر بەشێکیش 30 بۆ 50 خوێندکار وەردەگرێت و ھیچ گرفتێکی بینا و ستاف و مامۆستای پسپۆریان نیە و ھەموو ئامادەکاریەکیان کردوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن