"حکومەت پارەی پێویستی نییە"

هیچ کۆمپانیایەک خۆ لەقەرەی نۆژەنکردنەوەی رێگای سەیرانبەن نادات

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

وادەی دووەم بانگەوازیش بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای مەرزی سەیرانبەن لە قەزای پێنجوێن کۆتاییهات، ئەمجارەش هیچ کۆمپانیایەک لەخۆی رانەبینی کارەکە لەئەستۆ بگرێت.

ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ـی وت، “لەمساڵدا دووجار بانگەوازمان کردووە بۆ کۆمپانیاکان تاوەکوو رێگای سەیرانبەن بە درێژیی 39 کیلۆمەتر نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک نەهاتووە بەدەم بانگەوازەکەوە”.

وتیشی، حکومەت بڕە پارەی پێویستی نییە و بە زەحمەت کۆمپانیاکان پارەکانیان وەردەگرن، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان ئەو کارە وەرنەگرن.

ئەوەشی خستەروو، بۆ چارەسەری کێشەکە داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان کردووە، پرۆژەکە بکرێت بە راستەخۆ و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێنەوە جێبەجێ بکرێت.

“بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ نۆژەنکردەنەوەکەی رێگای مەرزی سەیرانبەن نزیکەی 300 ملیۆن دینارە”، ئەمیر سۆفی جەمال وای وت.

پێشتر پەیامنێری 964 کاری لەسەر رێگاکە کردووە و دانیشتوانی ناوچەکە و شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن باسیان لەوەکرد کە، رێگاکە کەڵکی نەماوە و بەتەواوەتی وێران بووە.

سەیرانبەن یەکێکە لە مەرزە نافەرمییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە 18 کیلۆمەتری شاری بانە و 30 کیلۆمەتری قەزای پێنجوێنە و نزیکەی 160 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

سبەی و دوو سبەی مەرزی سەیرانبەن دادەخرێت

سبەی و دوو سبەی مەرزی سەیرانبەن دادەخرێت

رێگای بارهەڵگرانی سەیرانبەن لە ناحیەی گەرمک جیاکرایەو...

رێگای بارهەڵگرانی سەیرانبەن لە ناحیەی گەرمک جیاکرایەوە