بڕیار بوو ئەمڕۆ هەڵمەتی گرتنیان دەستپێبکات
کرێکار دەستناکەوێت بۆ گرتنی سەگە بێلانەکانی دەربەندیخان
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای دەربەندیخان گرتنی سەگە بێلانەکان دەستپێبکات و دواتر بگوازرێنەوە بۆ شێڵتەر، بەڵام بەھۆی دەستنەکەوتنی کرێکار نەیانتوانی کارەکە دەستپێبکەن.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”سەگی بێلانە لە قەزای دەربەندیخان ژمارەیان زۆر بووە، قەراربوو ئەمڕۆ دەستبکەین بە کۆکردنەوەی ئەو سەگە بێلانانە، بەڵام کەس نیە کارەکە بکات”.
“ئاگاداریمان بڵاوکردەوە ھەرکەس دەتوانێت سەگ بگرێت پەیوەندیان پێوە بکات، ئەمرۆ نزیکەی حەوت کەس ھاتن، بەڵام توانای کارەکەیان نەبوو، ئێمەش نەمانتوانی ئەمڕۆ دەستپێبکەین”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرامبەر گرتنی ھەر سەگێک بڕە پارەیەکمان دیاریکردووە، بەڵام کەس نیە کارەکە بکات، ئەگەریش کەسمان دەستنەکەوێت ناتوانین پرۆسەکە دەستپێبکەین.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری