دادگای فیدڕالی لە بەغدا
سەرچاوەیەكی بەرپرس بۆ 964
نۆ دادوەرەكەی دادگای فیدڕالی پەشیمان بوونەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دادگای باڵای فیدراڵی پشتڕاستی كردەوە، دادگاکە بە سەرۆکایەتییەكی نوێ دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، هەروەها ئەو نۆ دادوەرەی لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، بڕیاریانداوە دەستلەکارکێشانەوەکانیان هەڵبوەشێننەوە و بگەڕێنەوە سەر ئەرکە دادوەرییەکانیان لەناو دادگاکەدا.
سەرچاوەكە لە بەغدایە و نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە 964ی وت، گەڕانەوەی دادوەرەكان دوای ئەوە دێت، دادوەر جاسم محەمەد ئەلعمێری سەرۆکی دادوەری بە هۆکاری تەندروستی خانەنشین کرا.
وتیشی، “بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستلەکارکێشانەوەی نۆ دادوەرەكە دوای ئەوە هات کە “هۆکاری سەرەکی بڕیارەكەیان نەما”، کە پێیان وابوو دەستوەردان وایكردبوو دادگاكە سەربەخۆیی لاواز بێت و پرۆسەی دادوەریی شێواو بوو”.
“دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکان بە ڕوونی مەرجیان دانابوو کە دادوەر جاسم محەمەد ئەلعمێری دادگا جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی ئەوان دەست بە ئەرکەکانیان بکەنەوە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو شتانەی دەربڕیبوو، کە سەرۆكی دادگا بە “لێکدانەوە تاکەکەسییەکانی” لە دەرکردنی بڕیاری دادوەریدا پاساوی بۆ دەهێنانەوە”، سەرچاوەكە وادەڵێت.
بە وتەی سەرچاوەكە، دادگا لەگەڵ سەرجەم ئەندامەکانی دەست بە کارە دەستوورییەکانی دەکاتەوە، بەڵام بە دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ.
بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو پێشتر بڕیاری رەوانەکردنی دادوەر جاسم ئەلعمێری بۆ خانەنشینی بە هۆکاری تەندروستی ئاشکرا کردبوو، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی کە دادگای فیدراڵی ئیفلیج کرد، دوای دەستلەکارکێشانەوەی زۆرینەی ئەندامەکانی.
19ی ئەم مانگە شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە كاتێكدا ئەو رۆژە بڕیار بوو لەسەر کێشەی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و كەیسی دوورگەی خۆر عەبدوڵای نێوان عێراق و كوێت كۆببنەوە و بڕیار بدەن.