ئومێد خۆشناو بۆ 964 :

“ئەمشەو نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری دەستپێدەكات”

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەر ئەمشەو دەست بە نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری دەكرێت، چیمەن و تراكی یاریگەكە دەكرێتە جیهانی.

ئومێد خۆشناو ئەمشەو یەكشەممە 29.6.2025 دوای كۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەولێر و كەرخ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، بۆ تۆڕی 964 قسەی كرد و رایگەیاند، هەر ئەمشەو شۆفڵ و حەفارە و ئامێری دیكە هێنراونەتە یاریگەی فرانسۆ هەریری و دەست بە نۆژەنكردنەوەی دەكرێت.

وتیشی، لەسەر رەزامەندیی سەرۆكی حكومەت، ملیارێك و 830 ملیار دینار بۆ كاری نۆژەنكردنەوەكە تەرخان كراوە، كە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەبێت.

ئاشكراشی كرد، چیمەن و تراكی یاریگەكە لەسەر شێوازی یاریگە جیهانییەكان نۆژەن دەكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یانەی هەولێر دوایاریی ئەم وەرزەی لە یاریگەی خۆی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر یانەی كەرخ ئەنجام دا و دوور لە پێشبینییەكانیش بە 1-3 گۆڵ دۆڕا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"ئەمشەو سوپرایزمان بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری هەیە"