"زیاتر لە 2000 دۆنم زەوی سووتا"

دوای پێنج رۆژ ئاگرەکەی شاخی بەمۆ کۆنتڕۆڵکرا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای پێنج رۆژ لە سووتانی شاخی بەمۆ، شەوی رابردوو ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرا.

دڵشاد محەمەد، لێپرسراوی وەجبە لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی بەمۆ بە 964ـی وت،”دوای ھەوڵێکی زۆری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی بەمۆ و مەیدان لەگەڵ خەڵکی گوندەکان، نزیک کاتژمێر 10ـی شەوی رابردوو ئاگرەکەمان بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرد”.

“زیاتر لە دوو ھەزار دۆنم زەوی لە شاخەکە سووتاوە و ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە دارە سروشتییەکانی شاخەکە گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین زیندەوەر و باڵندە لەناو ئاگرەکەدا سووتاون، “، دڵشاد محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە پاسدارانی ئێرانن لەسەر سنوور، فیشەکی گڕدار دەتەقێنن و دەبێتەھۆی کەوتنەوەی ئاگر و ھەندێکجار بەوشێوەیە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

دڵشاد محەمەد وتیشی، “ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی زۆر قورس کردبوو، ھەبونی مینێکی زۆرە لەسەر شاخەکە و لەبەر سەلامەتی گیانی کارمەندەکان، نەماندەتوانی بڕۆینە ھەموو جێگایەک، ھەروەھا رێگای ئۆتۆمبێلی نەبوو و هەر بە دەست و ئامێرە سەرەتاییەکان ئاگرەکەمان دەکوژاندەوە”.

رۆژی سێشەممەی رابردوو 24.6.2025، ئاگرێک لە دیوی ئێرانەوە لە شاخی بەمۆ کەوتەوە، بای بەھێز ئاگرەکەی ھێنایە دیوی کوردستان و رووبەرێکی بەرفراوانی گرتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

شاخی بەمۆ پێنج رۆژە ئاگری لێنەبڕاوە

شاخی بەمۆ پێنج رۆژە ئاگری لێنەبڕاوە