لە نێوان ئەمساڵ و پار

راپۆرتێکى 964؛ مەترسى کەمبوونەوەى ئاوى بەنداوەکان ئاشکرا دەکات

964+

وریا فەتاح

کەمبارانى ئەمساڵ ئیشى خۆى کرد و ئاستى ئاوى بەنداوەکانى هەرێمى بەشێوەیەکى مەترسیدار دابەزاندووە، بەشێوەیەک سێ بەنداوە گەورەکەى هەرێم (دوکان، دەربەندیخان و دهۆک)، کە تواناى گلدانەوەى سەروو 10 ملیار مەترسێجا ئاویان هەیە لەئێستادا تەنیا 3 ملیار مەترسێجا ئاویان تێدایە.

دابەزینى ئاستى ئاو لە ئەمساڵدا بەراورد بە پارە، هێندەى کۆى ئاوى بەنداوى دەربەندیخانە کە 3 ملیار مەترسێجا ئاو دەگرێت

بەپێی نوێترین داتای بەردەست لە رێکەوتی 26ـی حوزەیرانی 2025، بەراورد بە هەمان رۆژ لە ساڵی 2024، ئاستی ئاو و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بەنداوە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان (دەربەندیخان، دوکان، دهۆک) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئەم راپۆرتە تیشک دەخاتە سەر هۆکار و دەرەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییە.

داتاکان چیرۆکێکی روون دەگێڕنەوە و پێمان دەڵێن کە ساڵی 2025 ساڵێکی “وشک” بووە بە بەراورد بە ساڵی 2024، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی بارانبارین و هاتنی ئاو بۆ ناو بەنداوەکان. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئاو، وزەی کارەبا و ژینگەی ناوچەکە داناوە.

لێرەدا شیکارییەک بۆ هەر بەنداوێک دەکەین:

مەترسى راستەقینە لێرەیە

یەکەم:  بەنداوی دوکان، ئەمساڵ نیوە زیاتر لە ئاوەکەی لەدەستداوە

بەنداوی دوکان، کە گەورەترین بەنداوى هەرێمە گەواهی دابەزینێکی گەورە هەم لەرووى گلدانەوەى ئاو هەم لەرووى بەرهەمهێنانى کارەبا.

ئاوی گلدراوە لە بەنداوى دوکان لە نێوان ئەمساڵ و پار هەمان رۆژ 26ـى حوزێرانى 2024 و 26ـى حوزێرانى 2025 بەم شێوەیە:

ساڵی پار (2024) زیاتر لە 4 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ (2025) تەنها 1.57 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە. ئەمە واتای ئەوەیە بەنداوەکە زیاتر لە نیوەی ئاوی گلدراوەی ساڵی رابردووی لەدەستداوە.

هۆکار:

هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە بۆ کەمیی بارانبارین دەگەڕێتەوە، چونکە کۆى بارانبارینی ئەمساڵ  لە سنوورى ئەو بەنداوە 229.6 ملیم یووە، کە ئەوەش زۆر کەمترە لە ساڵى پار کە 570.6 ملیم بووە. بەمەش ئاوی هاتوو بۆ بەنداوەکە لە لە 70 مەترسێجاى ساڵى پارەوە بۆ 18 مەتر سێجا لەمساڵدا دابەزیووە، ئەوەش تەنیا لە چرکەیەکدا.

دابەزینى بەرهەمهێنانى کارەبا لە بەنداوى دوکان

کەمبوونەوەى ئاوى بەنداوى دوکان کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر رێژەى بەرهەمهێنانى کارەبا دروستکردووە، بەشێوەیەک ساڵى پار ئەمکاتە تواناى بەرهەمهێنانی کارەبا 52 مێگاوات بووە و ئەمساڵ بۆ تەنیا 20 مێگاوات دابەزیوە.

یەک ملیار مەتر سێجا ئاوى لەدەستداوە

دووەم: بەنداوی دەربەندیخان، دابەزینێکی مەترسیدار لە ئاوی گلدراوە

ئاوی گلدراوە لە بەنداوى دەربەندیخان کە دووەم گەورەترین بەنداوى هەرێمى کوردستانە، ساڵی ڕابردوو 2024 لەم رۆژەدا، بڕی 2.46 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ 2025 ئەم رێژەیە دابەزیوە بۆ تەنها 1.58 ملیار مەتر سێجا. ئەمەش پێمان دەڵێت بەنداوەکە ئەمساڵ نزیکەى 1 ملیار مەترسێجا ئاوى کەمتر تێدایە بەراورد بە پار هەمان رۆژ.

هۆکار

هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە هاوشێوەى بەنداوى دوکان بۆ کەمیی بارانبارین دەگەڕێتەوە. کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ لە سنوورى بەنداوەکە تەنها 384.6 ملیم بووە، لە کاتێکدا ساڵی پار 995.2 ملیم بووە. واتا جیاوازییەکە 611 ملیمەترە، ئەم جیاوازییە گەورەیە بووەتە هۆی ئەوەی ئاوی هاتوو بۆ ناو بەنداوەکە  لە 54 مەترسێجا بۆ تەنیا 2 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دابەزێت.

کەمبونەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا

ئەم کەمبوونەوەیە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە؛ توانای بەرهەمهێنان لە 73 مێگاواتەوە بۆ 37 مێگاوات کەمبووەتەوە.

دهۆک تینوى دەبێت

سێیەم: بەنداوی دهۆک، سەرچاوەیەکی گرنگ لەژێر فشاردا

هەرچەندە بەنداوی دهۆک قەبارەیەکی بچووکتری هەیە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار نایەت، بەڵام وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ، دۆخی ناجێگیرە.

ئاوی گلدراوە لە بەنداوى دهۆک، ساڵی ڕابردوو 2024 لەم رۆژەدا، بڕی 49.3 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدابووە، بەڵام ئەمساڵ بۆ 36.5 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە. بەمەش 13 ملیۆن مەترسێجا ئاو و شتێک بەراورد بە پار کەمیى کردووە.

رێژەى ئاوى گلدراوەى بەنداوەکان و تواناى گلدانەوەیان:

بەنداوى دوکان تواناى خەزنى ئاوى 7 ملیار مەترسێجا ئاوى هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 1.57 ملیار مەترسێجا ئاوى تێدایە.

بەنداوى دەربەندیخان تواناى خەزنى 3 ملیار مەترسێجا ئاوى هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 1.58 ملیار مەترسێجا ئاوى تێدایە

بەنداوى دهۆک تواناى خەزنى 52 ملیۆن مەترسێجا ئاوى هەیە، ، بەڵام لە ئێستادا تەنیا   ئاوى تێدایە

بەمەش

دابەزینى ئاستى ئاوى بەنداوەکان چیمان پێدەڵێن؟

داتاکان وەک زەنگێکی ئاگادارکەرەوەن. ساڵی وشکی 2025 بووەتە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی ئاوی هەر سێ بەنداوە سەرەکییەکەی هەرێم. ئەمەش چەند دەرئەنجامێکی گرنگی لێدەکەوێتەوە:

1.  کەمبوونەوەی کارەبا: کەمبوونەوەی ئاو راستەوخۆ بەرهەمی کارەبای کەمکردووەتەوە.

2.  فشار لەسەر کشتوکاڵ: بەردانەوەی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵ سنووردار دەبێت، کە زیان بە جوتیاران دەگەیەنێت.

3.  مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوە: ئەگەر وشکەساڵییەکە بەردەوام بێت، لە داهاتوودا فشار لەسەر دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات.