فرۆکەخانەی کەرکوک.وێنە :964
سبەی فڕۆکە هەیە
فڕۆکەخانەی کەرکوک دەست بە گەشتەکانی دەکاتەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئەمڕۆ سێشەممە 24.6.2025 دوای دوانزە رۆژ، فڕۆکەخانەی کەرکوک لەسەر بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەست بە گەشتەکانی دەکاتەوە.
هەردی سەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک بە 964ـی وت، دوای دڵنیابوونەوە لە بارودۆخی ئەمنی، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکان کرایەوە و لە لایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە لە رێگەی ئیمێڵەوە فڕۆکەخانەکانی کەرکوک، هەولێر و بەسڕە و نەجەف ئاگادارکرانەوە بەدەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان.
هەردی وتیشی، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە بۆ ماوەی 12 رۆژ گەشتە ئاسمانییەکان وەستابوون، هەرچەندە رۆژانی سێشەممە بەپێی خشتەکان هیچ گەشتێکمان نییە، بەڵام لە سبەینێوە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە گەشت دەکات بۆ تورکیا، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا گەشتی وڵاتی سعودیە بە مەبەستی ئەنجامدانی عومرە بکرێتەوە.
بەهۆی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گەشتە ئاسمانییەكان لە عێراق و كوردستان و چەند وڵاتێكی ناوچەكە وەستا بوون، بەڵام ئەمڕۆ دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق كردنەوەی ئاسمانی عێراقی بەڕووی گەشتەكاندا راگەیاند.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا