فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر...وێنە: فڕۆکەخانە
بە فڕۆکەخانەى هەولێر و سلێمانییشەوە
ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتی فڕۆکەوانیدا کرایەوە
964+
وریا فەتاح
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، کردنەوەی تەواوەتیی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتی فڕۆکەوانیدا راگەیاند.
وەک ئەوەى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراق رایگەیاندووە، بڕیارەکە دوای هەڵسەنگاندنی وردی دۆخی ئەمنی و دڵنیابوون لە توانای عێراق بۆ دابینکردنی سەلامەتیی فڕۆکەکان دراوە.
دەشڵێت: کردنەوەی ئاسمانەکە پێگەی عێراق وەک رێڕەوێکی ستراتیژی لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەهێز دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماوەی گەشت و تێچووی سووتەمەنی بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.
بەپێى بەیاننامەکە، گەشتە ئاسمانییەکان بەپێی ستانداردەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن، لەگەڵ هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
لاى خۆیەوە، ئەحمەد هۆشیار، بەرێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر بە 964ـى وت،”ئاسمانى عێراق بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە، چاوەڕێى خشتەى گەشتەکانین بۆ هەڵسانى یەکەم فڕۆکە لە هەولێرەوە، بەڵام جارێ دیار نییە تا هێڵە ئاسمانییەکان بڕیار نەدەن ئایە گەشتیاریان هەیە یان نا، بەڵام وادەى یەکەم گەشت دیارینەکراوە و کەوتووەتە سەر هێڵە ئاسمانییەکان”.
ئەوەش دواى ئەوە دێت، لە ماوەى رابردوودا بەهۆى شەڕى ئێران و ئیسرائیل، ئاسمانى عێراق داخرا و گەشتە ئاسمانییەکان وەستێندران.